کانیلەنجە گوندێکە سەر بە هەرێمی بارزانە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شێروانی گەورە، ٢ کم لە ڕێگای سەرەکی مێرگەسۆر-شێروانی گەورە دوورە، لەگەڵ گوندەکانی هەڵانییە و بێڕۆژەی باکووری کوردستان هاوسنوورە، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی گۆڕەتووی قەزای مێرگەسۆرە([١])، ئەم گوندەش وەک هەموو گوندەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە وێران کرا و دانیشتووانەکەی لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی دیانا، هەریر، بەحرکە و قوشتەپە نیشتەجێ کران، لە ڕووی شۆڕش و بەرخۆدانەوە گوندنشینان بە شێوەیەکی چالاک بەشداری شۆڕشەکانی کوردستانیان کردووە کە لەدوای یەک هاتن و شۆڕشگێڕانی ناوداری وەک ئەحمەد مستە، ساڵح عەلی محەمەد، کە بە ناوی ساکۆ کانیلەنجیش دەناسرێت و زۆر کەسی تریان پێگەیاندووە([٢]).
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان و ئەنجامدانی کۆنگرەی نۆیەمی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩ لە ڕوژههلاتی کوردستان ([٣])، یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی نۆیەمی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) ناردنی هێزەکانی پێشمهرگه بۆ کوردستان بوو کە لە ناوچە جیاوازەکان دەست بە ڕێکخستن و ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشمهرگه بکەن، هەرێمی بارزانی یەکێک بوو لەو دەڤەرانەی کە سەر بە باڵی ڕاستی لقی دووی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، چونکە سنوورەکانی لقی دوو لەسەر دوو باڵی سەرەکی ڕاست و چەپ دابەش کرابوون، باڵی ڕاست ئەرکەکەی لە هەرێمی بارزان و دەوروبەری بوو، بە چاودێری دکتۆر سەعید بارزانی بە هاوکاری کۆمیتەیەک کە لە حاجی میرخان دۆڵەمەری، مەلا عومەر، ملازم نیهاد و تاریق مەولوود پێکهاتبوو، ڕاسپێردرا، ئەم هێزەی پێشمهرگه سەرەتای هاتنیان بۆ هەرێمەکە لە چیاکانی برادۆست لە ئەشکەوتێکدا بنکەیەکیان دامەزراند و هەندێک خۆراک و پێداویستییان کۆگاکرد، سەرەتا دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بارەگاکانی سەربازی، خاڵەکانی پشکنین و بەربەستەکانی پشکنین لە هەرێمەکە کرد، کە بۆ پاراستنی ڕێگا سەرەکییەکان بە شێوەیەکی زیگزاگ ڕێکخرابوون و مینڕێژ کرابوون ([٤]).
یەکێک لە زنجیرە چالاکییەکانی پێشمهرگهی هێزی بارزان هێرشی سەر ڕەبایە و بارەگاکانی سەربازی حکوومەت لە کانیلەنجە بوو، دوای کێشانی نەخشە و پلانی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سەربازی لە دەڤەرەکە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ ئەم پلانە جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی پێشمهرگه لە کاتی دیاریکراودا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانیان، توانییان لە ماوەیەکی کەمدا بیانگرن و زیانێکی زۆر بەوان بگەیەنن. جگە لەو زیانانەی بەر هێزەکانی حکوومەت کەوت، ترسی ئەوەشیان هەبوو کە پێشمهرگه لەو دەڤەرە هەن و هێرشەکانی سەر بنکە، ناوەند و بارەگاکانی سەربازی بەعس بەردەوامن و چالاکییەکە لە هەرێمەکە دەنگی دایەوە، بەڵام لەو داستانەدا زیان بەر هێزەکانی پێشمهرگه کەوت و لەو شەڕەدا ٣ پێشمهرگه بە ناوەکانی ساڵح عومەر، ئەنوەر خەردینی و زوبێر هاریس مامیسکی شەهید بوون ([٥]).
سەرچاوە:-
هاشم شێروانی، هەرێمی بارزان، جوگرافیا، مێژوو و کەلتوور، چاپی ١، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٠٨.
-
حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی ٢، چاپی دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی ١، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان، مێژووی حزب دیموکراتی کوردستان – کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزینامەی ناوخۆیی) بەرگی ١، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠٢١.
[١]- هاشم شێروانی، هەرێمی بارزان، جوگرافیا، مێژوو و کەلتوور، چاپی ١، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٠٨، ل ٢٦.
[٢]- هاشم شێروانی، هەمان سەرچاوە، ل ٢٤٦.
[٣]- دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان، مێژووی حزب دیموکراتی کوردستان – کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزینامەی ناوخۆیی) بەرگی ١، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠٢١، ل ٣٦٩.
[٤]- حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی ٢، چاپی دووەم، کوردستان – ٢٠٢١، ل ٢٥٢.
[٥]- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی ١، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل ٦١.


