هێرشە گەورەکەی ناسراو بە شەڕی ڕواندز، لە ٨ی ئەیلوولی ١٩٧٤ ڕوویدا و بە یەکێک لە سەختترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی ململانێکان دەمێنێتەوە. لە هەوڵێکدا بۆ داگیرکردنی پێگەکانی هێزی پێشمه‌رگه لە ناوچەی ڕواندز، سوپای عراق هێرشێکی بەرفراوانی لە دوو بەرەوە دەستپێکرد. یەکێکیان لە بەرەی چیای گۆڕێز بەرەو گوندی باڵەکیان، ئەوی دیکەیان لە کۆرەکەوە بەرەو بێخاڵ. هێرشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو و هەموو جۆرە پلانێک بۆ گرتنی ئامانجەکانیان بەکارهات.

 

ڕوودانی شەڕەکە

لە ٨ی ئەیلوولی ١٩٧٤، سوپای عراق بە فەرماندەیی عەمید روکن ئیسماعیل تەیع نوعێمی، هێرشێکی چڕی لە دوو بەرەی جیاوازدا دەستپێکرد، یەکێکیان لەسەر چیای کۆرەک و ئەوی دیکەیان لەسەر چیای گۆڕێز، سەرەتا لەلایەن هێزی پێشمه‌رگه هەردوو هێرشەکە تێکشکێنران و زیانی زۆریان بە سوپای عراق گەیاند. تۆپخانەی شۆڕش بە فەرماندەیی حالی دۆڵەمەری ڕۆڵێکی گەورەیان لە تێکشکاندنی هێرشی سوپاکەدا بینی. هێرشەکان تا ١٩ی ئەیلوولی هەمان ساڵ بەردەوام بوون. سوپای عراق تا ئەو ڕۆژە هیچ دەستکەوتێکی نەبوو. لە یەکەم هێرشدا بۆ سەر هێزی پێشمه‌رگه، سوپای عراق زیانی زۆری بەرکەوت و زیاتر لە ٤٠٠ تەرمی سەربازی کوژراوی لە مەیدانی شەڕەکەدا بەجێهێشت. ئەم قارەمانێتییە بە خوێنی شەش شەهیدی پێشمه‌رگه تۆمار کرا. حکومەتی عراق پلانێکی زۆر سەیر بۆ سەرکەوتن لەم هێرشانەدا بەکارهێنا: ئەویش هێرشکردن بوو لە چیای کۆرەکەوە بۆ شاری ڕواندز. بۆ ئەم مەبەستە، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای عراق، عەقید روکن عەبدولوەهاب، پلانێکی تۆکمەی هەبوو، بە بولدۆزەرێکی گەورە هەموو بەردەکانی بناری چیای کۆرەکی لابرد بۆ ئەوەی تانک و زرێپۆشەکانی حکومەت بتوانن هێرش بکەنە سەر ئامانجەکە لەسەر چیای کۆرەک. پلانی سوپاکە هەرگیز بە خەیاڵی پێشمه‌رگه نەدەهات، چونکە زۆر سەخت و نالۆژیکی بوو. هاوسەنگی شەڕەکەی گۆڕی. پێشمه‌رگەی ناچار کرد بکشێنەوە بۆ گوندی بەرزێوە، چیای هەندرێن، زۆزک، گەلی عومەر ئاغا و شوێنەکانی دیکە. سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ سوپا.

پلانێکی دیکەی حکومەتی عراق هێرشکردن بوو بۆ سەر هێزی پێشمه‌رگه لە ناوچەی بێتواتە، تەنها مەبەستی هێرشەکە ئەوە بوو کە سەرکردایەتی شۆڕش هێزێکی پێشمه‌رگه بنێرن بۆ ناوچەکە. ئەمەش فشاری سەر سوپای عراقی لە ناوچەی ڕواندز کەم دەکردەوە، کە پلانێکی دروست بوو. چونکە دۆڵی ڕەقە و بەشەکانی دیکەی ناوچەکە داگیرکران، ئەمەش فشاری سوپای عراقی لەسەر پێشمه‌رگه زیاد کرد و هێرشیان کردە سەر چیاکانی ڕواندز. لە ٢٣ی ئەیلوول، لە ئەنجامی بەرگری هێزی پێشمه‌رگه، هەلیکۆپتەرێکی مێگ-١٩ لە گوندی بەرزێوە بە فیشەکی ١٤.٥ تێکشکێنرا. فڕۆکەوانەکە، نەقیب سەفا شەلال، بە دیل گیرا.

لە کۆتاییدا، سوپای عراق دۆڵی ڕواندزی داگیرکرد و شەڕەکە تەنها بریتی بوو لە تۆپبارانکردن و بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمه‌رگه بوون، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرا ئەوە بوو کە سوپای عراق بەردەوام بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکە تا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمه‌رگه دەریبهێنێت.

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی.