بۆ بەدەستهێنانی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بێدەنگکردنی دەنگی شۆڕش، حکوومەتی بەعس بەردەوام هێرشی دەکردە سەر ئەو ناوچانەی کە شۆڕش تێیاندا هەژموونی هەبوو، چونکە فەیل و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەوە دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکییە فیداییەکان دەکرد و گورزی بەهێزیان لە هێزە سەربازی و چەکدارەکانی سەر بە حکوومەت دەوەشاند، بەمەش هێزەکانی حکوومەت زیانی گیانی و کەرەستەی زۆریان بەر دەکەوت، جگە لە داڕمانی ورە، بە جۆرێک ترس و تۆقین باڵی بەسەردا کێشابوون کە لە زۆر شوێندا تەنانەت نەیاندەتوانی بنکە سەربازی و ڕەبایەکانیان بپارێزن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی هێزەکانی پێشمەرگە دەبوونەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
لە ٥ نیسانی ١٩٨٧، هێزە سەربازی و چەکدارەکانی سەر بە حیزبی بەعس، بە پشتیوانی تانک و تۆپهاوێژ و فڕۆکەی جەنگی و دوو جەرافەی گەورە، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچەی سەندیا دەستپێکرد، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و وێرانکردنی گوندەکان و دوورخستنەوەی مەترسی هێزەکانی پێشمەرگە، کە گوشارێکی زۆریان لەسەر هێزەکانی حکوومەت دروست کردبوو، و بووبوونە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورە، هێرشەکە لە چەند قۆڵێکەوە ئەنجامدرا، لەوانە: قۆڵی گوندەکانی خواکێ و لێڤۆ، و قۆڵی گوندەکانی ناڤکەندالا، زیوکی، میرگەسۆرا و قۆڵی گوندی سەری سێلاڤکی.
کاتێک هەواڵی هێرشی حکوومەت بۆ سەر ناوچەکە گەیشتە سەرکردایەتی شۆڕش لە بادینان، دەستبەجێ هێزێکی پێشمەرگەی ئامادە بۆ ناوچەکە نێردرا بۆ تێکشکاندنی هێرشی هێزەکانی حکوومەت، ئەم هێزە پێکهاتبوو لە هێزەکانی سەر بە کۆمیتەی ناوخۆیی دهۆک بە سەرکردایەتی عەلی قادر، و ڕێکخراوی کادیرانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی محەمەد مراد، و هێزێکی حیزبی شیوعی عێراق. هێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنە دیاریکراوەکانی خۆیان جێگیر بوون و چاودێری بارودۆخیان دەکرد. تێبینییان کرد کە هێزەکانی حکوومەت هیچ شتێکیان نەهێشتووەتەوە و زیانیان پێ نەگەیاندبێت لەو ناوچانەی گەیشتوونەتێ. ئاگریان لە ماڵەکانی گوندەکانی لێڤۆ و میرگەسۆرا و زیوکی و سەری سێلاڤکا و ناڤکەندالا بەردا، و دەستیان بە وێرانکاری و تێکدان کرد، هێزەکانی پێشمەرگەش، کە لە ڕووی ژمارە و چەکەوە بە هیچ شێوەیەک بەراورد نەدەکران لەگەڵ هێزە گەورە و زەبەلاحەکەی عێراق کە بە تەواوی چەک و ذخیره و تانک و تۆپهاوێژ و فڕۆکە ئامادە کرابوون، ڕووبەڕوویان بوونەوە و شەڕێکی سەختیان دەستپێکرد.
دانیشتووانی ئەو گوندانەی کە کەوتنە بەر هێرشی سوپای عێراق، بۆ پاراستنی گیانیان لە گوندەکانیان هەڵاتن بەهۆی وێرانکاری و تۆپباران و بۆردومانی ئاسمانی هێزەکانی حکوومەت، هێرشەکانی حکوومەت لە زەوی و ئاسمانەوە بەردەوام بوو، هێزەکانی پێشمەرگەش بە هەموو هێزیانەوە بە چەکی سووک و ئەو ذخیرهیەی لە بەردەستیان بوو شەڕیان دەکرد تا دابینکردنیان نەپچڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووبەڕووی برسیەتی و تینوێتی و کەمی خۆراک و پێداویستییەکان بوونەوە لە هەموو قۆڵەکانی شەڕدا.
ڕاوەستان و خۆڕاگری بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە، وەک بەربەستێکی بەهێز، ڕێڕەوی شەڕەکەی لە بەرگرییەوە گۆڕی بۆ هێرشبردن، دوای گەیشتنی هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە ڕێکخراوی جووتیاران بۆ پشتیوانی بەرەی شەڕ، هێرشێکی پێچەوانەیان بۆ سەر پێشڕەویی هێزەکانی حکوومەت دەستپێکرد و گەمارۆکەیان لەسەر تەنگ کردەوە.
هێرشەکانی پێشمەرگە تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ لە گوندەکانی لێڤۆ و زیوکی و میرگەسۆرا بەردەوام بوو، توانییان گوشارێکی زۆر لەسەر هێزەکانی حکوومەت دروست بکەن، تا لەو سێ گوندە دەریکردن و تا ڕێگای سەرەکی زاخۆ – باتیفا ڕاویان نان، ئەم هێرشەی حکوومەت بۆ سەر ناوچەی سەندیا بە تێکشکانی گەورەی هێزە سەربازی و چەکدارەکانی کۆتایی هات، جگە لە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی و بەدیلگرتنی سێ لە جاشەکان، زیانەکانی پێشمەرگە تەنیا شەهیدبوونی یەک پێشمەرگە و برینداربوونی یەکێکی دیکە بوو، جگە لە سووتان و وێرانبوونی باخ و کێڵگەی هاووڵاتییان بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی ئاسمانی چڕ.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرپرسی ڕێکخراوی کادیران و کادیری ڕێکخراوەکە محەمەد مراد و عەبدولعەزیز ئیسماعیلی بۆ ناوچەی نێرۆە و ڕێکان بانگ کرد، و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش کردن بۆ خۆڕاگری و سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی هێرشی سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەروەها خەڵاتێکی پێشکەش کردن کە بریتی بوو لە چەکی کڵاشینکۆف لە جۆری (بی کەی سی).
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ- ٢٠٠٧).


