لە ساڵی ١٩٦٨، عێراق بە بارودۆخێکی سیاسی تایبەتدا تێدەپەڕی، بەو پێیەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دوو کودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینی. ١٧ و ٣٠ی تەممووز ئەو دوو بەروارە بوون کە تێیاندا بەعسییەکان ڕژێمی سەرۆک عەبدولڕەحمان عارف و سەرۆک وەزیران عەبدولڕەزاق نایف-یان ڕووخاند و بۆ جاری دووەم دەسەڵاتیان لە عێراق گرتە دەست، لەم ماوەیەدا هیچ شەڕێک لە نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش و هێزەکانی حکوومەت تا کۆتایی ساڵی ١٩٦٨ نەبوو، بەڵام پێکدادانەکان لە نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و چەکدارانی باڵی کۆنی مەکتەبی سیاسی بەردەوام بوو، و زیاتر چڕ بووەوە، لەگەڵ ڕوودانی شەڕی لاوەکی لە نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزەکانی حکوومەت لە کاتێک بۆ کاتێکی تر.

لە هەمان زنجیرە شەڕ و هێرشانەی کە ئەم گرووپە لە پایزی ساڵی ١٩٦٨ لە ناوچەی قادر کەرەم لە دەڤەری گەرمیان ئەنجامیاندا، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیان بە پشتیوانی دوو فەوجی کۆماندۆی حکوومەت و تانک و تۆپخانە و زرێپۆش و فڕۆکەی جەنگی، هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌ لە سنووری چالاکییەکانی فەوجی پێنجەم، کاتێک فەرماندەی فەوج و هێزی پێشمه‌رگه‌ی سەر بەو بەرەو گوندی مەحموود پەریزاد دەچوون لە گەڕانێکدا، لەو ساتەدا لەلایەن فەرماندەی مەفرەزەکانەوە لە ڕێگەی بێتەلەوە ئاگادار کرانەوە کە بچن بۆ یارمەتیدانی ئەو پێشمه‌رگانەی کە لە ژێر فەرمانی عەریف ستار بوون، چونکە حکوومەت و چەکدارانی باڵی کۆنی مەکتەبی سیاسی هێرشێکی بەرفراوانیان کردبووە سەریان.

دوای ئەوەی هێزی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، بۆیان دەرکەوت کە هێزەکەی عەریف ستار ذخیرەیان کەم بووە و زۆر ماندوو بوون و توانای بەرگرییان بەرامبەر هێرشی هێزەکانی دوژمن لاواز بوو، بۆیە دەستبەجێ کۆبوونەوە و پلانی هێرشی پێچەوانەیان دانا و پاشان لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حکوومەت و چەکدارەکان بە وتنەوەی سروودی (ئێمەی کورد تێناشکێین.. ئێمە جەنگاوەرین تێناشکێین)، دوای دوو کاتژمێر لە شەڕی سەخت، سوپاى عێراق و چەکدارەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ کەرکووک، فەرماندەی هێزی قەرەداغ لە ڕێگەی بێتەلەوە لە بارودۆخەکە ئاگادار کرایەوە و فەرمان دەرکرا چیتر ڕاویان نەنێن و دەستبەجێ لەوێ ڕابوەستن.

لە ئەنجامی ئەم شکستە، حکوومەت و چەکدارەکان زیانی زۆریان بەرکەوت و هێزی پێشمه‌رگه‌ دەستیان بەسەر زۆرێک لە کەلوپەلەکاندا گرت، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە چەک و ذخیره، هەروەها تێکشکاندنی دوو تانک و زرێپۆشێک و دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (زیل)، هەروەها تەرمی چەندین چەکدار لە گۆڕەپانی شەڕەکە بەجێهێڵدران، پاشان ئەنجامی شەڕەکە و سەرکەوتنی پێشمه‌رگه‌ لەم داستانەدا لە نامەیەکدا بۆ فەرماندە ئیدریس بارزانی خرایە ڕوو کە خۆی لە ڕێگەی پەیوەندییە بێتەلییەکانەوە سەرپەرشتی شەڕەکەی دەکرد، لە وەڵامی نامەکەدا بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دەڵێت: (خۆزگە بە ئێوە کە ئێوە پشتیوانی گەرمیانن)، هەروەها ڕاسپاردەیان دەکات کە چی بکەن بۆ ناشتنی تەرمەکان، چونکە پێی وایە ئەو خیانەتکار و بەکرێگیراوانەی کە هەڵخەڵەتێنراون هەموویان کوردن، نابێت وەک دوژمن سەیر بکرێن و پاشان داوایان لە هەندێک لە خەڵکی گوندەکە کرد یارمەتییان بدەن لە کۆکردنەوە و ناشتنی تەرمەکان بەپێی ڕێنماییەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام.

لە کاتی هەڵمەتی کۆکردنەوەی تەرمەکان، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی زەردە تەرمی براکەی و کوڕی براکەی لە نێو کوژراوەکاندا دۆزییەوە، تەرمەکانی خستە پشتی بارهەڵگرێک و نیشانەی خۆشی بە ڕووخسارییەوە دیار بوو، فەرماندەی هێزی پێشمه‌رگه‌ بە سەرسوڕمانەوە سەیری کرد و لێی پرسی بۆچی ئەوەندە دڵخۆشی لە کاتێکدا براکەت و کوڕی براکەت لەدەست داوە؟ وەڵامی دایەوە کە شتێک هەبوو نەمتوانی سەرم لە نێو خەڵکی کوردستان بەرز بکەمەوە ئەویش بەکرێگیراوی ئەم دوو پیاوە بوو، ئەم شەرمەزارییە بە ناشتنیان کۆتایی دێت، ئەمە هەستی نیشتمانی مرۆڤێکی ئاسایی نەخوێندەوار بوو لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو وڵاتە، کە تەرمی براکەی و کوڕی براکەی دەهێنایەوە کە بەهۆی خیانەتی نیشتمانییەوە کوژرابوون.

باس لەوە دەکرێت کە لە ماوەی نێوان ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٦ و کودەتای بەعسییەکان لە ١٧ و ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٨، ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ حکوومەت بوون، دەستیان کرد بە جوڵە دژی شۆڕشی ئەیلوول بە یارمەتی حکوومەت، دەیان کەس لەم لایەنە بوونە قوربانی، و لە لایەکی ترەوە سووکایەتی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ کرا، و سەرەڕای ئەوەش، لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٦٨ ڕژێمی بەعس بە هەموو چەکەکانییەوە هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش، و لە تەنیشت سوپاى عێراق، چەکدارانی هێزی باڵی کۆنی مەکتەبی سیاسی کە ژمارەیان ٤-٥ هەزار چەکدار بوو، هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌ لە دۆڵی جافایەتی، سێوێل، شارباژێڕ، سرووچک، هەڵەبجە، بیارە و تەوێڵە، دووکان، بیتوێن، پشدەر و ڕانیە، چونکە بەعسییەکان مەجالیان بۆ ئەم گرووپە زۆر زیاتر لە پێشینەکانیان لە ڕژێم کردەوە، بۆ دوژمنایەتی شۆڕش و هێرشکردنە سەری و وێرانکردنی کوردستان زیاتر و زیاتر.

سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- چاپی یەکەم- هەولێر، ٢٠٠٤).

٢ - ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک- ١٩٩٩).

٣- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).

٤- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، (هەولێر- ٢٠١٢).