سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بیری لە ئامانجگرتنی پێگەیەکی ستراتیژیی دیکەی سوپاى عێراق کردەوە دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی بابەگوڕگوڕ لە یەکی ئاداری ١٩٦٩ و بۆ چالاکییەکی فیدایی دیکەی پێشمەرگە، سەربازگەی دووکان دیاریکرا کە بارەگای لیوا بوو و کەوتە بەر ئاگری هێزی پێشمەرگە، دوای دوو مانگ لە مەشقکردنی هێزە تایبەتەکان بە چەکی تایبەت.
سەرکردەکانی شۆڕش ئەم ئەرکەیان بە دوو لە فەرماندەکانی پێشمەرگە سپارد کە عەزیز ئاکرەیی و ڕەشید سندی بوون، شەوی ١٩-٢٠ی ئەیلوولی ١٩٦٩ شەوی هێرشەکە بوو، هێرشەکە لە کاتی دیاریکراودا وەک پلانی بۆ دانرابوو جێبەجێ کرا، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا، هێزی پێشمەرگە تەواوی سەربازگەکەی کۆنترۆڵ کرد و زیانی زۆری بە سوپاى عێراق گەیاند، تەرمی دەیان سەرباز لە کاتی شەڕەکەدا کەوتبوون، هەروەها دەیان کەسی دیکەش بە دیل گیران.
هێزی پێشمەرگە لەم هێرشەدا چەکی قورسی وەک تۆپی ١٢٠ ملم و هاوەنی ئار پی جی بەکارهێنا، هەرچەندە سەربازگەیەکی جێگیر بوو کە لە چەند ساڵی پێشترەوە بە دیوار و تێلی دڕکاوی و مین دروستکرابوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە توانییان دەستی بەسەردا بگرن و بۆ ماوەیەک تێیدا بمێننەوە، جگە لە زیانە زۆرەکانی سوپاى عێراق، هێزە سەربازییەکانی کە پاسەوانیی سنووری ئاویی دەریاچەکەیان دەکرد زیانی زۆریان بەرکەوت، بەلەمەکانیان تێکشکێنران و کەوتنە ناو ئاوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکان لە ئاوی دووکاندا خنکان و دەیان تەرم لەوێ مانەوە.
بەڵام سەرکەوتنی پێشمەرگە لەم شەڕەدا زۆری نەخایاند و بە شکست کۆتایی هات، بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی هەندێک لە بەرپرسانی پێشمەرگە، هەڵەکە ئەوە بوو کە دوای کۆنترۆڵکردنی سەربازگەکە ڕێگای نێوان دووکان و سلێمانییان بە کراوەیی هێشتەوە، چونکە دکتۆر خالید بەرپرسی ئەو هێزە بوو کە ئەرکی بڕینی ڕێگای خەلەکانی پێ سپێردرابوو، بەڵام ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ نەکرد و فەرمانەکانی جێبەجێ نەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە هەموو پێشمەرگەکان لەم سەربازگەیەدا کۆببوونەوە، لەناکاو بینییان هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سەر بە سوپاى عێراق بە تۆپ و تانک و ڕەشاش ئاگری چەکەکانیان بەسەر سەربازگەکەدا کردەوە، لە ئەنجامی تۆپباران و هێرشی سوپاى عێراق، هێزی پێشمەرگە ناچار بوون پاشەکشە بکەن، ئەوەش بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک و تەرمەکانیان لە مەیدانی شەڕەکەدا بەجێهێشت و سوپاى عێراق کۆنترۆڵی سەربازگەکەی وەرگرتەوە.
دیارە کاریگەری و زیانەکانی پێشمەرگە بەسەر سوپاى عێراق لەم شەڕە و شەڕەکانی دیکەدا وەک شەڕی قەرەداغ و گەرمیان و لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی بابەگوڕگوڕ و شەڕی بیستانە و وادی ئالانە و پیرەمەگروون و چیای سورداش و چەندین شەڕی دیکە، کە سوپاى عێراق بە یارمەتی و پشتیوانیی هێزەکانی باڵی سیاسیی کۆن توانییان جێبەجێیان بکەن، سەرەتا کۆنترۆڵی چەند شوێنێکیان کرد و تێیدا مانەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە پلانێکی تۆکمە ڕووبەڕوویان بوونەوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندن، ئەوەش وای لە هەندێک لە سەرکردە بەعسییە دەستڕۆیشتووەکان کرد باوەڕیان وابێت کە کێشەی کورد بە شەڕ و کوشتار چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەتوانن بە دیالۆگ و ئاشتی تێپەڕی بکەن، ئەوەش بووە هۆی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠.
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- هەولێر- ٢٠٠٤).
٢- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک ١٩٩٩).
٣- سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو، ڕوداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يهكهم، (ههولێر- ٢٠٢٢).
٤- ئیبراهیم جلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئهیلوول، بنیاتنان و ههڵتهكاندن، ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی چوارهم، ٢٠٢١.


