دوای ئەوەی کۆماری کوردستان تووشی شکست بوو، هێزەکانی بارزانی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی بڕیاریان دا جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان، لە کاتی گەڕانەوەدا ڕووبەڕووی چەندین شەڕ و پێکدادان بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی سوپاى عێراق و عەشیرەتە کورد و تورکە لایەنگرەکانی حکوومەت، و لە ئەنجامی ئەم شەڕ و بەرگرییانەدا، ژمارەیەک لە بارزانییەکان شەهید بووە و بریندار بوون، لە لایەکی تریشەوە توانییان زیانی گەورە بە هێزە ئێرانییەکان بگەیەنن، دوای دەرچوونی بڕیاری شەڕ دژی بارزانییەکان، سوپاى عێراق لە ١٥ی ئازاری ١٩٤٧، بە سوودوەرگرتن لە هێزی پیادەی "قەرەپاپاخ" و سەربازانی هێزی کرماشان، توانییان بەرزاییەکانی قەڵای خان تاوس بەبێ شەڕ داگیر بکەن، ئەم داگیرکارییە ڕێگەی بە سوپاى عێراق دا سوود لە گرنگی ئەم شوێنە وەربگرن، و لە کاتژمێر ١١ی بەیانی، بە یارمەتی هێزی تۆپخانە، ناوچەی "وەزنێ"ش لەلایەن سوپاى عێراقەوە داگیر کرا. لەو کاتەدا، ژمارەیەک لە هێزەکانی بارزانی کە لە دەربەندی شەیتان ئاباد(١) بوون گەیشتنە ئەو شوێنە، و لە بەرزاییەکانی وەزنێوە بەرەو قەڵای خان تاوس کەوتنە ڕێ، و لەوێ هێرشیان کردە سەر هێزە ئێرانییەکان و تورکەکانی عەشیرەتی "قەرەپاپاخ" و شکستیان پێهێنان، و توانییان ژمارەیەک لێیان بکوژن و بریندار بکەن، کە لە نێوانیاندا فەرماندەیەک لە هێزە ئێرانییەکان بە ناوی تەیمووری هەبوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئازایەتییەی هێزەکانی بارزانی لەو شەڕەدا نیشانیان دا، بەهۆی گەیشتنی هێزی پشتیوانی کە پێکهاتبوو لە لقی سێیەمی فەوجی "کەبیری" بە سەرکردایەتی لیوا دووەم ناسری پوور بۆ "وەزنێ" و قەڵای خان تاوس بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ سەربازە ئێرانییەکان، هەروەها بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانەکان کە سوپاى عێراق کردیە سەر هێزەکانی بارزانی، ئەو چەکدارانە بۆ پاراستنی گیانیان پاشەکشەیان کرد بۆ بەرزاییەکانی "پیرناسر" و گوندی "دەربەند"، لەگەڵ ئەوەشدا، قەڵای "چواربەت"(٢) کەوتە دەستی ئەو عەشیرەتانەی کە یارمەتی هێزی دەوڵەتیان دەدا.

لە درێژەی ئەو شەڕەی کە لە چەند ناوچەیەک بەردەوام بوو، بەشێک لە هێزە ئێرانییەکان بە سەرکردایەتی عەقید ئەنساری هێرشیان کردە سەر گوندی "قەڵاتان"، لەم شەڕەدا، هێزە ئێرانییەکان ناوچەکەیان تۆپباران کرد، و لە ئەنجامی ئەم تۆپبارانەدا، "سوڵتان ئاغا"ی برای "حەمە ئاغای میرگەسوری" شەهید بووە. لەگەڵ داگیرکردنی ئەم ناوچەیە، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر شاری شنۆ و گوندەکانی دەشتی شنۆ دروست بوو کە بارزانییەکان تێیدا بوون.

سەرچاوەکان:

١- حسین علی رزم آرا، فرهنگ جغرافیایی ایران(آبادیها)استان ٣و٤آذربایجان، انتشارات دایره‌ جغرافیایی ستاد ارتش، تهران،١٣٣٠.

٢- عه‌باس غه‌زالی میرخان، له‌ مه‌هاباده‌وه‌ تا گاده‌ر،هه‌ولێر، چاپی دووه‌م، (چاپخانه‌ی مناره‌- ٢٠٠٧).

٣- سپهبد محمد كاظمی، سرهنگ ٢ستاد منوچهر البرز،تاریخ پنجاه ساله‌ نیروی زمینی شاهنشاهی ایران، تهران، ٢٥٣٥.

٤- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌ ساڵانی(١٩٤٣-١٩٧٧)، (چاپخانه‌ی ڕه‌هه‌ند- سلێمانی- ٢٠٠٢).

 

(١) شەیتان ئاباد :ceytan-abad گوندێکە لە ناوچەی "میردیی دۆڵ"ی سەر بە ناحیەیەکی سنووری لە شاری ڕەزاییە، لە دووری ٤٦ کیلۆمەتر باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕەزاییە – ٢/٥ کیلۆمەتر ڕۆژئاوای ڕێگای ڕەزاییە - مەهاباد، دەکەوێتە بناری چیا، و دانیشتووانەکەی تورکن.

(٢) چواربەت: cahar-bot گوندێکە لە ناوچەی "میردی"ی سنووری سەر بە ناحیەی شنۆ لە شاری ڕەزاییە، لە دووری ١٦/٥ کیلۆمەتر باشووری ڕۆژهەڵاتی شنۆ – ٨/٥ کیلۆمەتر باشووری ڕێگای شنۆ - نەغەدە، ناوچەیەکی شاخاوییە کە کەشوهەوایەکی ساردی هەیە و دانیشتووانەکەی کوردن.