دوای مۆركردنی ڕێكه‌تننامه‌ی جه‌زائیر له‌ ٦ی ئاداری ١٩٧٥ له‌ نێوان عێراق و ئێران، كه‌ وه‌ك پلانێكی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ دژی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ئه‌نجام درا و چاره‌نووسی كوردی له باشوری كوردستان دووچاری نه‌هامه‌تیه‌كی دژواری مرۆڤایه‌تی كرد، ئیتر حكومه‌تی به‌عس پێی وابوو بۆ دواجار كۆتایی به‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی هێناوه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا وا ده‌رنه‌چوو به‌ڵكو به‌ماوه‌یه‌كی كورت به‌ دیاریكراوی له‌ ئایاری ١٩٧٦ شۆڕشی چه‌كداری ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و هیوا و متمانه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ خاڵێكی نوێی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له‌ مێژووی هاوچه‌رخی كورددا.

هه‌ر دوای ئه‌و ماوه‌یه‌‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ناو قوڵایی باشوری كوردستان كرانه‌وه‌، پاشان په‌یوه‌ندی‌ به‌ كادر و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌‌ كرا كه‌ له‌ كوردستان مابوونه‌وه‌ ئاواره‌ی ئێران و توركیا نه‌بووبوون، تاكو خۆیان ڕێك بخه‌نه‌وه ‌و قۆناغیكی دیكه‌ی شۆڕش به‌ شێوه‌ی‌ پارتیزانی بخه‌نه‌وه‌ گه‌ڕ و چاڵاكی پێشمه‌رگه‌یی ئه‌نجام بده‌ن، وێڕای ئه‌وه‌ش په‌یامی هه‌ستانه‌وه‌ی شۆڕش و داكۆكی كردن له‌ مافی دانیشتوانی كوردستان به‌ سه‌رانی ڕژێمی به‌عس بگه‌یه‌نن. 

یه‌كێك له‌و چاڵاكیانه‌ی كه‌وا پێشمه‌رگه ئه‌نجامیدا و توانی زیانی زۆر به‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تی به‌عس بگه‌یه‌نن چاڵاكیه‌كی پارتیزانی بوو له‌ ناوچه‌ی قه‌سرۆكی سه‌ربه‌ قه‌زای شیخانی پارێزگای دهۆك سالی ١٩٧٨، ‌دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ توانیان خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی چه‌كدارانی ڕژێمی به‌عس، له‌ پڕێكدا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بنكه‌كه‌و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م توانیان زیانی گیانی و ماددی زۆریی پێ بگه‌یه‌نن، كه‌ بریتی بوو له‌ كوژران و بریندار بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداران، له‌و چاڵاكیه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید بوو كه‌ كادرێكی لێهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو به‌ ناوی حه‌مید حه‌فزوڵڵه‌، دوای گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یان له‌ گوندی بلان له‌ ناحیه‌ی مرێبا به‌خاك سپیردرا.

شایانی باسه‌ هه‌موو ئه‌و جۆره‌ چاڵاكیانه‌ی پێشمه‌رگه په‌یامێكی ترسێنه‌ر بوو بۆ سه‌رانی ڕژێمی به‌عس كه‌ شۆڕش به‌ زه‌بر و زه‌نگ و پیلانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌ره‌سیش بێنێ جارێكی تر به‌ فۆرمێكی دیكه‌ دێته‌وه‌ مه‌یدانی خه‌بات و وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و خه‌ون و ئاواتخوازیانه‌ له‌ گۆڕ ده‌نێ كه‌ به‌ نه‌مانی یه‌كجاره‌كی ده‌یانبینی. ‌   

سه‌رچاوه‌كان:
  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. جه‌مال فه‌تحوڵله‌ ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢.  

  3. غازی عادل گه‌ردی: پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، توركیا- ٢٠٢١.