حكومه‌تی به‌عس هه‌میشه‌ ڕێگر بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا كه‌ نابێ كورد به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ بێ له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ته‌نانه‌ت هاوڵاتی بوونی له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و یاسایی بوون به‌ته‌واوی ڕه‌ت كردبۆوه‌، كه‌واته‌ پیاده‌ كردنی ئه‌و سیاسه‌ته دژ به‌ كورد زه‌مینه‌ی ناڕه‌زایی له‌ ناخی خه‌ڵكی كوردستاندا به‌ جۆرێك دروست كرد كه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بهه‌ژێنی و به‌گژ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منی و  چه‌كداریدا بچنه‌وه‌، چونكه‌ زولم و زۆرداری دام ده‌زگاكان به‌ ڕاده‌یه‌ك خه‌ڵكی هاندا ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ی بكه‌ن و به‌ تو‌ندترین شێوه‌ به‌ره‌نگاری ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی حكومه‌ت ببنه‌وه، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی به‌عس به‌ هیچ جۆرێك له‌ زمانی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری ئاشتی تێناگا، بگره‌ ئاماده‌ نیه‌ هه‌ر گوێش بگرێ هه‌ر بۆیه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ خۆیان بۆ ئه‌و شێوازی خه‌باته‌ ئاماده‌ بكه‌ن كه‌ سه‌رانی به‌عس تێیده‌گه‌ن ئه‌ویش خه‌باتی چه‌كداری پارتیزانی بوو.          ‌      ‌

    له‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشانیشدا له‌ كاتی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی دام و ده‌زگاكانی به‌عس سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابوو كه‌ بازنه‌ی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان پتر فراوان بكات و چاڵاكیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ قوڵایی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بره‌و پێ بدات، بۆیه‌ بڕیاریدا كه‌ هێزێكی پێشمه‌رگه‌ بنێرێته‌ چه‌ند شوێنێكی ستراتیژی تاكو گورزی گه‌وره‌ له‌ بنكه ‌و مۆڵگاكانی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان و چه‌كدارانی به‌كرێگیراو بوه‌شێنێ، ئه‌وه‌شیان نیشان بدات كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ هه‌ركات و له‌ هه‌ر شوێنێك مه‌به‌ستی بێ ده‌ستی ده‌گاتێ و گورز ده‌وه‌شێنی، ئه‌وه‌ بوو له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٢ له‌ سیانی گارە له‌ قوڵایی ٧٠ كم پێشمه‌رگه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر بنكه ‌و باره‌گاكانی هێزی مغاویر و چه‌كدارانی به‌كرێگیراو(جاش)، دوای‌ شه‌ڕێكی گه‌رم كه‌ ماوه‌ی‌ سێ شه‌و و ڕۆژی  خایاند زیانی گه‌وره‌ به‌ هێزه‌كانی حكومه‌ت گه‌یاند،  ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا. 

سه‌رچاوه‌كان:        
  1.  مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. جه‌مال فه‌تحوڵله‌ ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢.

  3. نوری حه‌مه‌ عه‌لی: مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – ٢٠١٦.