ئەم شەڕە لە نێوان هێزی پێشمهرگه و حکوومەتی عێراق لە دەڤەری بادینان ڕوویدا، هێزی پێشمهرگهی کوردستان شەوی ١١-١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ لە سنووری لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و چەکدارەکانی حکوومەتی عێراق لە دێرەلۆک و شێلادزێ ئەنجام دا، لە ماوەیەکی کەمدا توانییان تەواوی ڕەبایە و سەنگەرە سەربازییەکان و چەتەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، پاشان دەستیان بەسەر هەموو بارەگاکانی حیزبی، حکوومی و سەربازیدا گرت و گورزی گەورەی گیانی و ماددییان لە هێزەکانی حکوومەت وەشاند، تا ١٣ی مانگ لە دێرەلۆک مانەوە و دواتر بە پلانێکی سەربازی پاشەکشەیان کرد.
سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٨ لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دەڤەری بادینان کۆبوونەوەیەک دەربارەی ئەنجامدانی چالاکییەک بە چاودێری بەرپرسی لق ڕەمزی شەعبان لەگەڵ بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەکانی ئامێدی، شێخان، زاخۆ، گوڵان، دهۆک و ئاکرێ ئەنجام درا، لەم کاتەدا سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێبەری شۆڕش لە سنووری لقی یەک بوو، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژ لەسەر دیاریکردنی شوێنی چالاکییەکە کرا، بە پێی بۆچوونی زۆربەیان دێرەلۆک و شێلادزێ وەک ئامانجی هێرشەکە دەستنیشان کران، شایەنی باسە کە لە کاتی شۆڕشی گوڵان دا هێزی پێشمهرگه لە ناو لق، ناوچە و ڕێکخستنەکاندا ڕێکخرابوون.
پلانی هێرشەکە ئەوە بوو کە هێزی پێشمهرگهی کوردستان لە هەموو ٦ ناوچەکە و هێزێکی سەر بە لق لە دوو بەرەوە هێرش بکەن، لە بەرەی یەکەم هێرش بکەنە سەر دێرەلۆک کە دوو تاپۆری چەتە (جاش)ی لێ بوو، هەروەها لە ڕەبایەکانی سارێی ئامێدی بدەن و ڕێگای سەرەکی دێرەلۆک ببڕن. بەرەی دووەم هێرشکردنە سەر ڕەبایەی نیزاری دێرەلۆک و دەشتی زێ لە ناوچەی ئاکرێ بوو بۆ پاراستنیان، کۆمەڵگەی شێلادزێ کە بنکەی چەتەکان بوو، تۆپباران بکرێت بۆ ئەوەی ئەوان سەرقاڵ بن، بەرەی یەکەم لە لایەن ڕەمزی شەعبان، شوکری نێروەیی و تەمەر کۆچەر بەڕێوەبرا کە هێزی ناوچەکانی ئامێدی، گوڵان و زاخۆ و هێزێکی ناوەندی لق ئەرکدار کران، بەرەی دووەم لە ژێر بەرپرسیارییەتی شیمال زێباری بوو کە بەرپرسی ناوچە و ڕێکخستنەکان بوو و بە هێزەکانی شێخان، ئاکرێ و دهۆک سپێردرابوو.
هێزی پێشمهرگهی کوردستان بە پێی پلان کاتژمێر ٠٩:٣٠ی شەوی ١١-١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ لە هەردوو بەرەی دیاریکراو، هێرشێکی گەورە و بەرفراوانیان بۆ سەر سەنگەر و ڕەبایە و بنکە و
بارەگاکانی سوپا و دامەزراوەکانی ڕژێمی بەعس و چەتەکانیان ئەنجام دا، لەم هێرشەدا، هێزی پێشمهرگهی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێنا و ١١٢ شوێن و بارەگای حکوومەتیان لە نیزاری، سارێ، قۆڵکە، کانێ، دێرەلۆک و شێلادزێ گرت، هەروەها زیانێکی گەورەیان بە هێزەکانی عێراق گەیاند.
دوای گرتنی سەنگەرەکانی دەوروبەر، هێزی پێشمهرگهی کوردستان بەرەو ناوەندی شارۆچکەی دێرەلۆک پێشڕەوییان کرد و ئەو شارۆچکەیەیان کۆنتڕۆڵ کرد، هەموو دامەزراوەکانی شارەکە کەوتنە دەست پێشمەرگەکان، وەک بارەگای تاپۆری محەمەد کەلهێ ڕێکانی و عەلی ئابۆ، بەرپرسانی چەتەکان هەروەها بارەگای پارتی بەعس و ڕێکخراوی ئەمن و ئیستیخبارات، بنکەی پۆلیس و ئۆفیسی ناوچە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک چەتەی ئیستیخبارات بەرگرییان کرد، بەڵام نەیانتوانی ماوەیەکی درێژ بەرگری بکەن.
سەرەڕای زستانی ساردیش شەڕ تا ڕۆژی ١٣ی مانگ بەردەوام بوو، لەم ڕۆژانەدا هێزی پێشمهرگهی کوردستان توانییان دێرەلۆک بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن، واتە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەت کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمهرگهی کوردستان، هەروەها هێزی پێشمهرگهی کوردستان هەردوو پردەکەی نێوان ئامێدی و دێرەلۆک-شێلادزێشیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.
لە ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٨٨ بە هۆی بارینی بەفر و دروستبوونی ئاستەنگ، هەروەها هێرشی پێشمەرگەش ئامانجەکەی بە تەواوی پێکا بوو، بڕیار درا بە پلانێکی سەربازی گونجاو پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هەر پێشبینییەکی تۆڵەسەندنەوە ئامادە بن، لەبەر ئەوە لە کاتی پاشەکشەدا شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانیان گرت.
ئەنجامی شەڕ:دەستبەسەرداگرتنی ٤ تاپۆری سوپای عێراق و ناوەندی تاپۆرەکانی عەلی ئابۆ، محەمەد کەلهێ ڕێکانی و کازم عومەرخان، زیاتر لە ٥٥٠ چەکداری حکوومەت بە دیل گیران، زیاتر لە ٢٠٠ سەرباز و ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکان کوژران، ٥٣ ئەندامی ئاسایش و ئیستیخباراتی ڕژێمی بەعس لە ناو دێرەلۆک کوژران، ١٧ ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆر سووتێنران، زیاتر لە ٥ هێرشی هێزەکانی حکوومەت تێکشکێنران. لەم شەڕەدا هێزی پێشمهرگهی کوردستان ١٢ شەهید و ٢٧ برینداریان دا.
دەستکەوتەکانی شۆڕش:
دەستکەوتەکانی شۆڕش لەم داستانەدا دەستبەسەرداگرتنی ٢ زرێپۆش و ٣ میتراڵیۆزی ١٤,٥ ملم و ١٢,٥ ملم و زیاتر لە ١٠٠٠ کڵاشینکۆف و ٤٧ چەکی برنۆ، ١٠ (بی کەی سی)، ٢٠ (ئار پی جی)، ٩ (ئار بی کەی) و گەلێک هاوەنی ٦٠ ملم و ١٢٠ ملم و ژمارەیەکی زۆر لە تۆپی هاوەن، ٣ ئامێری بێتەل لەگەڵ کەرەستەی سەربازی گەورە.
کاردانەوەی حکوومەت:
دوای هێرشەکە حکوومەت کینەی خۆی لە دەڤەرەکە ڕشت و بۆ تۆڵەسەندنەوە خواردنی لە گوندەکان قەدەغە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەردەوامی بە تۆپی دوورهاوێژ و فڕۆکە تۆپبارانی دەکرد.
سەرچاوە:-
شیمال زێباری، چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی ١، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.
-
غازی عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەتی ڕێگای بارزانی دا، حەجی بێرۆخی، بەرگی ٢، چاپی دووەم، تورکیا-٢٠٢١.
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.


