دوای سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی گەلی زاخۆ، عیسا سوار داوای لە مستەفا بارزانی کرد هێزێک پێکبهێنێت بۆ لێدانی کۆمپانیای نەوتی عەین زالە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی و تاوتوێکردنی هەموو لایەنەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، ئامادەکارییەکان بە نهێنییەکی تەواو دەستیان پێکرد، پاشان ئەسعەد خۆشەوی فەرماندەی گشتی ناوچەی بادینان، عیسا سواری بۆ سەرکردایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دیاریکرد.
فەرماندەکانی ناوچەکە گرنگییان بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی عەین زالە دا کە نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە ناوچە شاخاوییەکەوە دوور بوو، و ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر بە پێ ڕۆیشتن لە نزیکترین پێگەی پێشمەرگە دوور بوو، ڕووباری دیجلە وەک بەربەستێکی ئاویی بۆ پەڕینەوەی پێشمەرگە بوو، ئەمەش وایکردبوو کە دەبێت ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتێکی پێوانەییدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی کشانەوەدا ڕووبەڕووی هێزەکانی حکومەت نەبنەوە و خۆیان لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان بەدوور بگرن، ئەو شتەی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ پێشمەرگە ئاسان کرد، لە ئەیلوولی ١٩٦٢، دوو پۆلیسی کورد بە ناوەکانی حەمە سوور حسێن بەرزنجی و مستەفا فەرەج شوانی پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، کە لە کۆمپانیای نەوتی عەین زالە کاریان دەکرد، دوای گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەکانی ناوچەکە و ڕاوێژ و زانیاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، ڕەزامەندی کۆتایی لەسەر درا.
ئامادەکارییەکانی پێشمەرگەپێش ئەوەی پێشمەرگە لە ڕووباری دیجلە بپەڕنەوە، عیسا سوار کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هەموو فەرماندە و بەرپرسانی پێشمەرگە ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا هێزەکان بەسەر سێ گروپدا دابەشکران و هەر گروپێک فەرماندەیەکی بۆ دیاریکرا کە ئەرکەکەی بەم شێوەیە بوو:
گروپی یەکەم: هێزی عیسا سوار کە پێکهاتبوو لە مەلا حەمدی عەبدولمەجید سەلەفی و عەبدولڕەحیم جسیم و عەریف دەروێش و حاجی قادۆ کەرەفی لەگەڵ ڕێنیشاندەری سەرەکی مستەفا فەرەج، ئەرکی ئەم گروپە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی سەرەکی کۆمپانیاکە بوو.
گروپی دووەم: هێزی هاشم میرۆزی کە پێکهاتبوو لە عەلی سەیفەدین و موراد مۆمی و شاهین شێخۆ لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە و فەرماندەی سەرەکی حەمە سوور حسێن بەرزنجی، ئەرکی سەرەکی ئەم گروپە هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی عەین زالە بوو.
گروپی کۆتایی بە سەرکردایەتی عەلی هالۆ عەلی، لەگەڵ فەرماندەی مەفرەزە عەبدولڕەحمان دینۆ و ژمارەیەکی تر لە پێشمەرگە، ئەرکی ئەم گروپە کۆنتڕۆڵکردنی چەند دامەزراوەیەکی گرنگ بوو لە ناو کۆمپانیاکەدا، بەتایبەتی ژووری (تەلەفۆنخانە و بێتەل) لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزێکی یەدەگ لەسەر گردەکانی دەوروبەری کۆمپانیاکە.
زیانەکانی دوژمن و دەستکەوتەکانی پێشمەرگەلە شەوی ١١-١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢، هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پلانی پێشوو ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا و دوای پێکدادانێکی توند لەگەڵ پاسەوان و پۆلیسەکانی کۆمپانیاکە، توانییان ئامانجەکانیان بپێکن، بە جۆرێک ژمارەیەک پۆلیس کوژران و بریندار بوون، هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە توانییان ٧٠ پۆلیس و ئەفسەر بە دیل بگرن، لە نێوانیاندا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە (دیک دانکۆرت) لەگەڵ دوو ئەندازیاری بەریتانی هەبوون.
لەو کاتەدا، پێشمەرگە کۆگایەکی نەوت و تەلەفۆنخانە و هەشت ئۆتۆمبێلی سەر بە کۆمپانیاکەیان سووتاند، دەستکەوتەکانی پێشمەرگە بریتی بوون لە ٣٣ تفەنگ و کڵاشینکۆف و شەش دەمانچە و دوو مەشینگەنی بێرن و دوو کامێرای وێنەگرتن و بڕێکی زۆر کەرەستەی پزیشکی، زیانی هێزەکانی پێشمەرگە لەم داستانەدا شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک بوو بە ناوی شاهین شێخۆ، کە دواتر هێزەکانی سوپاى عێراق تەرمەکەیان لە گۆڕ دەرهێنا و سووکایەتییەکی نامرۆڤانەیان پێکرد دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە عەین زالە ڕایانکێشا.
دەنگدانەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە
بەهۆی گرنگی و دەنگدانەوەی سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، مەلا مستەفا بارزانی بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی عیسا سوار کرد، دوای ئازادکردنی هەموو ئەندامانی پۆلیس و کارمەندانی کۆمپانیاکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، دیلە بیانییەکان بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ڕەوانەی بارەگاکەی کران، کاتێک گەیشتنە بارەگاکەی، بارزانی بە خۆی پێشوازی لێکردن، ڕێزێکی زۆریان لێگیرا و هەموو پێداویستییەکانی ئاسوودەییان بۆ دابینکرا، دەبێت ئەوەش بگوترێت کە لە کاتی ئازادکردنی ئەو دیلانە و هەموو بیانییەکان، شۆڕشی کورد داوای هیچ قازانجێکی ماددی لە هیچ لایەنێک نەکرد، بەڵکو بە بێ بەرامبەر ئازاد کران.
ئەمەش مانای ئەوەیە کە شۆڕشی کورد بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی شۆڕش مەلا مستەفا بارزانی، هەمیشە پارێزگاری لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان و یاساکانی جەنگ کردووە، هەرگیز پەنای بۆ ئەشکەنجەدانی دیلەکانی جەنگ و توندوتیژی نەبردووە، سەرەڕای دڕندەیی سوپای دوژمن و نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ شۆڕشەکەی، بەڵام چیاکان دۆستی ئەو بوون و پشتیان پێ بەست.
ئۆپەراسیۆنی عەین زالە لە یادەوەری فەرماندەکانی سوپاى عێراقتەنانەت ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیەش بە ڕوونی لە نووسین و بیرەوەرییەکانی فەرماندەکانی سوپاى عێراق ئاماژەی پێکراوە کە دوژمنی شۆڕشی کورد بوون، بۆ نموونە، فەریق سەعید حەمۆ تەلەعفەری فەرماندەی فەوجی دووی لیوای یازدەی سوپاى عێراق لەو کاتەدا شایەتی داوە و نووسیویەتی: "ئەم کارە ئازایانەیە پێویستی بە هێزی جەستەیی بەرز بوو، چونکە هێزەکانی پێشمەرگە توانییان دوو جار لە ڕووباری دیجلە بپەڕنەوە، و کارەکە لە دوو شەو و ڕۆژێکدا جێبەجێکرا". هەروەها عەمید روکن عەبدولکەریم فەرحان فەرماندەی فیرقەی یەکی سوپاى عێراق نووسیویەتی، "شۆڕشگێڕانی کورد هەڵمەتێکی سەرکەوتوو و ئازایانەیان دژی بیرە نەوتەکانی عەین زالە لە باکووری ڕۆژئاوای مووسڵ ئەنجامدا".
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەوە بوو بە حکومەتی عێراق نیشان بدرێت کە هێزەکانی پێشمەرگە نەک تەنها دەتوانن ناوچە شاخاوییەکان ببڕن، بەڵکو دەتوانن لەوەش زیاتر بڕۆن و کارێکی هاوشێوەی شاخاوی لە دەشتە پان و بەرینەکاندا ئەنجام بدەن، لە لایەکی دیکەوە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای عەین زالە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە کۆڕبەندی دارایی نێودەوڵەتیدا هەبوو، لە ئەنجامدا، گرنگیدان بە شۆڕشی کورد لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا دوو هێندە بوو، لە لایەکی ترەوە زیانی بە ناوبانگی حکومەت گەیاند بەهۆی شکستیهێنان لە پاراستنی دامەزراوەکانی و ئەو وڵاتە بیانییانەی ترساند کە بەرژەوەندی نەوتییان لە عراق هەبوو، هەروەها دەکرێت باس لە لایەنێکی تری ئەرێنی ئۆپەراسیۆنەکە بکرێت، ئەویش بۆ ناوبانگی شۆڕشی کورد و ناشیرینکردنی ناوبانگی حکومەت، هاندانی ڕۆژنامەنووسانی بیانی بوو بۆ سەردانیکردنی کوردستان و ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر شۆڕشی کورد و هۆکارەکانی شەڕکردنی گەلی کورد، و گەیاندنی دەنگی شۆڕشی کورد بە جیهان.
سەرچاوەکان:١- عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی، ناوچەی بادینان ١٩٢٥ – ١٩٧٠، بەرگی ٢، (چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر- ٢٠١٧).
٢- ڕۆژین چەلەبی مونیر، زاخۆ ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ – ٦ی ئاداری ١٩٧٥، سەنتەری زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی، (زاخۆ- ٢٠١٨).
٣- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازى کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، (چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٤).
٤- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول، چاپی دووەم، (نووسینگەی تەفسیر- هەولێر- ٢٠٠٦).
٥- سەعید حەمۆ، مذكرات أمر لواء مشاة، شاری بهغدا، ١٩٧٧.


