یاسین جەوهەر مامەڵ بە ناوی (یاسین بێڕۆخی)، ناسراوە. لە ساڵی 1925 لە گوندی بێڕۆخی سەر بە پارێزگای هەكاری لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. کاتێک باوکی کۆچی دوایی کردووە ئەو منداڵ بووە. لە ساڵی 1941 لەگەڵ دایک و برایەکەی بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە دەچنە ڕوژهه‌لاتی کوردستان. لە ساڵی 1944 دەگەڕێنەوە گوندی مەزنێ لە دەڤەری مێرگەسۆر. لە ساڵی 1945 دووبارە کۆچبەری ڕوژهه‌لاتی کوردستان دەبن و لە گوندی نار لە دەڤەری مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوون. لە ساڵی 1975 بۆ جاری سێیەم کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە و لە گوندی جەلدەیان لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان نیشتەجێ بووە. پاشان بۆ کۆمەڵگەی نەلیوان لە شنۆ گواستراوەتەوە و لەوێشەوە بۆ کۆمەڵگەی ڕەبەت لە سەردەشت و پاشان بۆ شاری کرماشان گواستراوەتەوە. لە ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە ناوچەی مەرگەوەڕ لە پارێزگای ورمێ و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1991 پاش ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان، گەڕاوەتەوە و لە شارۆچکەی بەحیرکە و پاشان لە پیرمام نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1993 خانەنشین کراوە.

 

لە ساڵی 1946 پەیوەندی بە هێزی بارزانی کردووە و لە سوپای کۆماری کوردستان بووە پێشمه‌رگه. بەشداری شەڕی مێلگەرەنی کردووە. پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە بەرەی شەڕی نەڵۆس بەشدار بووە. لە ساڵی 1947 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بۆ ماوەیەک لە شارۆچکەی دیانا دەستگیر کراوە. پاشان ناردوویانە شاری مووسڵ و تا دوو ساڵ زیندانی کراوە. پاش ئازادکردنی بۆ شارۆچکەی دیبەگە لە پارێزگای هەولێر دوور خراوەتەوە و تا دوو ساڵ لەوێ کرێکاری کردووە. پاشان بووە سەرباز و پاش بیست و پێنج ڕۆژ لە سەربازی ڕایکردووە و چووە گوندی قوشتەپە و پاشان چووە بێستانە و لە لای عەلی مەحموود ئاغای دزەیی ماوەتەوە.

 

یاسین بێڕۆخی، لە ساڵی 1953 لە گوندی بێستانەوە چووە گوندی بێڕۆخ لە سنووری باکووری کوردستان. لە ساڵی 1955 لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستگیر کراوە و تا دوو ساڵ سەربازییان پێ کردووە و ساڵی 1957 سەربازی تەواو کردووە. لە ساڵی 1959 پاش گەڕانەوەی بارزانی و هاوڕێکانی لە یەکێتی سۆڤیەت، بە ڕێگادا گەڕاوەتەوە گوندی زەرگەت لە دەڤەری شێروانی مەزن. بە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمه‌رگهی شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووە پێشمه‌رگه و بەشداری شەڕی زێنتە و شەڕی سەری پیرس و شەڕی زێبارییان کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە.

 

لە ساڵی 1962 چووەتە دەڤەری سۆران و لە ساڵی 1963 کاتێک سوپای عێراق هێرشی کردووەتە سەر دەڤەری بەرزان، دووبارە گەڕاوەتەوە ناوچەی بەرزان و بەشداری شەڕی سەری پیرس و شەڕی سەری ئاکرێ کردووە و بریندار بووە. لە هەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە دەڤەری سۆران و لەگەڵ هادی هەسکۆ لە سەنگەسەر بووە. پاش شەهیدبوونی هادی هەسکۆ، ناوبراو ساڵی 1966 چووە لای حاجی بێڕۆخی و لەوێ بووە سەرلق و بەشداری شەڕی گوندی سەرچیا کردووە.

 

پاش ڕێککەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بووە پاسەوانی سنووری لە کانی سماق لە ناحیەی گەلاڵە. لە ساڵی 1974 پاش دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕژێمی عێراق بۆ سەر هێزەکانی پێشمه‌رگهی شۆڕشی ئەیلوول لە شەڕی چیای گۆڕەز بریندار بووە.

 

لە 16ی ئابی 1996 لە 50 ساڵەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەر خزمەتەکانی، لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمر وەرگرتووە.

 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان