کەریم فەتاح قادر لە ساڵی 1902 لە گوندی حەسەن ئاوا سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بووە، گوندی بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ کافیه محەمەدی کردووە و باوکی دوو کوڕ و دوو کچی بووە (عومەر، ئەحمەد، خاۆەر، بەهیە). یەکێک لە کوڕەکانی (عومەر) لەگەڵی لە کاتی محاصرەکردنیان لەلایەن سەربازانی ڕژێمی عێراقەوە شەهید بوو.

لە ساڵی 1963 بە ڕێگەی خانەی سەرەکی بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا بەغدادی، لە ڕێکخراوی نوڕۆڵی لە سریەتی فەرەج حاجی مەحمودی سەر بە ئەفەوجی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان، چووەتە ڕیزی پێشمەرگە.

لە ساڵی 1963 لەگەڵ شەهید حەمە گۆڵبی و ژمارەیەک لە هاوسەنگەرە پێشمەرگەکانی بۆ گوندی حەسەن ئاوا گەڕایەوە بۆ پشوودان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان. لێیان دۆزرایەوە و هێزێکی زۆری سوپای ڕژێمی عێراق گوندەکەی گەمارۆ دا. دوای شەڕ لەنێوان هەردوو لایەن، حەمە گۆڵبی و ژمارەیەک لە هاوسەنگەرەکانی توانیان ڕابکەن، بەڵام کەریم فەتاح قادر و سێ هاوسەنگەری (عومەر کەریم فەتاح، حاجی کەریم، صالح محەمەد عەلی) دەستگیر کران و لە دەروازەی گوندەکە بە گولـلە باران کران و دەستبەجێ شەهید بوون.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئەنسیكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.