ژیاننامە

ڕەشید حاجی بەدری عەبدوڵڵا محێ، ساڵی 1931 لە شاری دهۆک لەدایک بووە. باوکی یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانی هۆزی سندییەکانە و برای سلێمان حاجی بەدری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شۆڕشە لە باشووری کوردستان. سەرەتا بە خوێندنی ئایینی دەست پێ دەکات و پاشان لە شارۆچکەی زاخۆ خوێندنی سەرەتایی دەخوێنێت و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە مووسڵ تەواو کردووە و ساڵی 1957 کۆلێژی سەربازی لە شاری بەغدا تەواو کردووە. ئەو شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی بووە.

خەباتنامە

ڕەشید حاجی بەدری عەبدوڵڵا محێ ساڵی 1955 بە ڕێگەی ئەفسەر یووسف جەمیل میران تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ساڵی 1958 پاش گەڕانەوەی مستەفا بارزانی (1903 - 1979) لە یەکێتی سۆڤیەت، بە جلی ئەفسەرییەوە سەردانی مستەفا بارزانی لە هۆتێل سەمیرەمیس لە شاری بەغدا کردووە.

ساڵی 1962 بەهۆی ئەوەی کورد بووە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سوپای عێراقەوە بۆ دەزگای سەربازی کەربەلا دوور دەخرێتەوە و ساڵی 1963 لە سلێمانی لە لایەن هەواڵگری سوپای عێراقەوە بە شێوەیەکی دەستگیرکراو بۆ کەرکووک و پاشان بۆ شاری بەغدا دەنێردرێت.

لە 3ی ئاداری 1963 بە پلەی ملازمی یەکەم ڕیزەکانی سوپای عێراقی بەجێهێشتووە و تێکەڵی ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگهی شۆڕشی ئەیلوول بووە و وەک سەرۆکی بەشی شەهید سدیق لە دەڤەری شێوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستنیشان کراوە. لە هەمان ساڵدا بەرپرسی بەشی چوارەمی دەڤەری خانەقین - هەڵەبجە - پێنجوێن بووە. لە 20ی حوزەیرانی 1963 فەرماندەی شەڕی شێوان بووە لە دژی هێزی پیادەی سوپای عێراق و میلیشیای عەرەبی حەویجە. لەم شەڕەدا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. وەک فەرماندەیەکی سەربازی بەشداری و سەرپەرشتی زۆر شەڕ و پێکدادانی کردووە.

ساڵی 1964 پاش کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەت بە زۆرینەی ئەفسەرانی سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان، بڕیاری پشتیوانی مستەفا بارزانی (1903 - 1979) داوە و لە دژی گرووپی مەکتەبی سیاسی وەستاوە. لە حوزەیرانی 1964 وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شەشەم پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا و نوێنەری کۆنگرەی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شۆڕش بووە لە باشووری کوردستان.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەرپرسی مەکتەبی سەربازی (نووسینگەی سەربازی)ی سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (مەکتەبی تەنفیزی)ی سەرۆکوەزیرانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شۆڕش بووە لە باشووری کوردستان. ساڵی 1970 و لە کۆنگرەی هەشتەمدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

لە 4ی کانوونی دووەمی 1975 بووە ئەندامی دەستەی پلانی سەربازی شۆڕشی ئەیلوول و ساڵی 1975 پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول بووە پەنابەر لە ئێران. ساڵی 1977 لە ژێر چاودێری ئیدریس بارزانی (1944 - 1987) بەشداری کۆبوونەوەی بەرفراوانی کەرەجی کردووە، بە مەبەستی هاوکاری سەرۆکایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەروەها چاودێری 150.000 پەنابەری باشووری کوردستان لە ئێران.

ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە 25ی تشرینی یەکەمی 1979 بە فەرمانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شۆڕشی عێراق وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی کاروباری باکوور دیاری کرا. پاش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان وەک ئەندامی بەشی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و ساڵی 1992 بە پلەی لیوا (جەنەڕاڵ) لە وەزارەتی پێشمه‌رگهی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خانەنشین بووە. لە 22ی ئابی 1993 و لە کۆنگرەی یازدەیەمدا وەک ئەندامی دەستەی ناوەندی لێکۆڵینەوە و چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردرا. نوێنەری کۆنگرەی دوازدەیەم 1999 و کۆنگرەی سێزدەیەم 2010ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

سەرچاوە :

1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

2 - مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێبازی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - 2021).

3 - عەلی سینجاری، دۆزی کورد و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).

4 - فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، بیۆگرافیای ئەفسەرانی کورد، بەشی دووەم، (تاران - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2020).

5 - حەبیب محەمەد کەریم، کەرکووک و شۆڕشی ئەیلوولی پیرۆز، گۆڤاری گوڵان ئەل-عەرەبی، ناوەندی کولتووری گوڵان، ژمارە 70، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 31ی ئاداری 2002.

6 - ئەسەد ئێدۆ، لە یادی ساڵیادی داستانی سەفیندا، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 1.705، هەولێر، هەینی، 30ی تەممووزی 1993.

7 - حەمید گەوهەری، مستەفا بارزانی پێشمه‌رگه و سەرۆک، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2017).

8 - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) 1946 - 1993، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).

9 - شێرزاد زەکەریا محەمەد، ئەنجومەنی سەرۆکایەتی شۆڕش لە کوردستان - عێراق 1964 - 1970 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسی گشتی، (دهۆک - ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی و پاراستنی بەڵگەنامەکان - زانکۆی دهۆک - چاپخانەی زانکۆی دهۆک - 2010).

10 - عەلی سینجاری، دۆزی کورد و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).

11 - محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە کورتە مێژووی پارتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و کولتووری بارزانیی نەمر، چاپی دووەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس - 2007).

12 - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).

13 - هێزی پێشمه‌رگه. لە ژێر سێبەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا چۆن دامەزرا و گەشەی کرد، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 637، چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 1992.