ڕەزا قادیر عەبدولکەریم، ناسراو بە حەمە ڕەزای هۆرامی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی بڵخە سەربە ناحیەی بیارەی ناوچەی هۆرامان لەدایکبووە، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندی بڵخە و قۆناغی ئامادەیی لە بیارە تەواو کردووە، بەشداریی خولی پزیشکی کردووە و لە شۆڕشی ئەیلول بووە بە پزیشک.

ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی فەوجی شەشی بیارەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، چونکە بڕوانامەی ئامادەیی هەبووە ڕاستەوخۆ نێردراوەتە حاجی عومەران و ناوچەی کەلالە بۆ بەشداری لە خولی پزیشکیی شۆڕش، خولەکەی دوای ساڵێک و شەش مانگ تەواو کردووە و وەک پزیشک نێردراوەتە هێزی خەبات.

ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە کەمینی سوپای ڕژێمی عێراقی پێشوودا لە چیای بالەمبۆ لە شاری هەڵەبجە کەوتووە، شەڕ لە نێوان هەردوو لایەن ڕوویداوە و ڕەزا قادیر (حەمە ڕەزای هۆرامی) برینداری قورس بووە و کەوتووەتە دەستی سەربازانی عێراق. لە نزیک گوندی گوڵان بە خاکدا ڕاکێشراوە و دوای بارانێک لە گوللە شەهید بووە.

باوکی ڕەزا، ناسراو بە قالەی ماینجان، لە ساڵی ١٩٦٣ شەهید بووە، دوو خوشکەکانی (سوعاد و تۆبا) لە بۆردومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید بوون، خۆیشی ساڵی ١٩٦٩ لە کەمینی سوپای ڕژێمی عێراقی پێشوودا دوای برینداربوون دەستگیر کرا و بە گوللەی سەربازان لە نزیک هەڵەبجە شەهید بووە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.