ڕوستەم عەبدولمەجید ئەحمەد لە گوندی بلوسۆی سەر بە ناحیەی بەمۆ لە پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٤١ لەدایک بوو، دانیشتووی ناحیەی زەرایین و یەکێک لە کارمەندانی شارەوانی بوو، دوای شکستەهێنانی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بردە ئێران و لە شاری کامیاران نیشتەجێ بوو، لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕایەوە گوندەکەی، لەگەڵ بەهیە ساڵح هاوسەرگیری کرد و چوار کوڕ و شەش کچیان بوو (ئەحمەد، مەحموود، عەتا، محەممەد، بێگرد، بێخال، بەهرە، بەناز، نیاز، بێریڤان).
لە ساڵی ١٩٦٨ پەیوەندی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی سەریەی چوارەمی سەر بە ئەفواجی شەشەمی بەمۆ لە هێزەکانی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە قادر حەمە ساڵح فەرماندەی سەریەکە بوو، لە چەندین شەڕ لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول بەشداری کرد، لەوانە: شەڕی دەربەندیخان، شەڕی سەرتیز، شەڕی حاجی عومەران، شەڕی خانەقین، شەڕی هەڵەبجە.
لە ساڵی ١٩٩١ دووبارە پەیوەندی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزەکانی سەیرەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە جەلال لاوڕانی فەرماندەی هێزەکان بوو، لە ئازادکردنی هەڵەبجە و عەرەبەت و دەربەندیخان و کەلار و کەرکووک و کۆڵجۆ و خانەقین بەشداری کرد.
ڕوستەم عەبدولمەجید ئەحمەد و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە ساڵی ١٩٩١ لە گوندی باوەی سەر بە قەزای خانەقین شەهید بوون، بەهۆی کەوتنە کەمینی هێزەکانی موجاهیدی خەڵق.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


