شەهید محەمەد حەمە کەریم بە ناوی (هەمەی خورشە) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی زێرۆنی لە کەناری چیای سوورێن لەدایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بووە و ئاستی خوێندەوارییەکەی سەرەتایی بووە. محەمەد حەمە کەریم خێزاندار بووە و ناوی هاوسەرەکەی کەژاڵ لایەق بووە و خاوەنی کوڕ و کچێک بووە بە ناوەکانی ئازاد و کەوسەر.

 

شەهید محەمەد حەمە کەریم لە ساڵی ١٩٨٣دا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کردووە و لە باتالیۆنی ئەنوەر حاجی عوسمانی سەر بە هێزی سوورێنی لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بە پێشمەرگە. هەروەها لە کاری ڕێکخستنیدا بووە بە بەرپرسی لقی نهێنییەکانی سنووری مەجمووعەی شانەری و بەشێک لە قەزای سەید سادق کە سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٤دا لە چەمی مەنجەری نزیک شاری هەڵەبجە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسەوە بە سەختی بریندار بووە.  

 

پاش ئەنجامدانی چالاکییەکی گرنگ لە نزیک قەزای سەید سادق لە ساڵی ١٩٨٨دا، محەمەد حەمە کەریم ئاشکرا بووە و لەلایەن دەزگای ئەمنیی ڕژێمی بەعس لە گوندی باریەکەی دەشتی شارەزوور دەستگیر کراوە. لە هەمان کاتدا لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەکێکی جۆری (RPG)ی پێ بووە. هەر بۆیە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ گرتووخانەی ئەبوو غرێب گواستراوەتەوە و سزای سێدارەدانیان بۆ دەرکردووە. لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩دا لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. 


 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان