داستانی شارەزوور یەکێک بوو لە داستانەکانی دیکەی پێشمەرگە بە بەشداری هێزەکانی بەرەی جود، لە نێوان سەید سادق و هەڵەبجە و زەڕایەن و دەربەندیخان تۆمارکرا و سێ ڕۆژی خایاند، بەرەی جود لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠ لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراق و حیزبی گەلی دیموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی کوردی (پاسۆک) دامەزرا، ناوەکەشی کورتکراوەی بەرەی نیشتمانی دیموکراتییە، ئامانج لە دامەزراندنیشی یەکێتی حیزبە کوردستانییەکان بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی بەرەیەکدا.  

سەرەتای ڕووداوەکانی داستانی شارەزوور دەگەڕێتەوە بۆ هێزی پێشمەرگە کە لە گوندی شێرمەرەوە بەرەو گیلەک و گردی قازی و تەپەزێڕینە چوون بۆ گەڕان و لێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس، هێزی پێشمەرگە یەک ڕۆژ لە گوندەکانی تەپەسەرقولە و کەشیری و قاجر و گردی شەریف و دوڵاش لە ناوچەی شارەزوور مانەوە، لە هەمان ڕۆژدا هێزێکی گەورەی سوپا و بەکرێگیراوان (جاش) بە پشتیوانی تانک و تۆپخانە و فڕۆکە هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە لە تەپەسەرقولە و کەشیری و چەمی زەڵم، هێزی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی محەمەد حاجی مەحموود و نادر هەورامی و ئازاد قەرەداغی کە بەرپرسی بەرەی جود بوون لە ناوچەکە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا کاتژمێر ٤ی عەسر شەڕیان کرد و لەم داستانەدا دەیان سەرباز و چەکداری حکوومەتی بەعس کوژران، چوار پێشمەرگە شەهید بوون ئەوانیش: محەمەد قوتە و بەرزان ساڵح و محەمەد سەراوی و سیروان سەعدوون کەرکووکی، لەگەڵ هاووڵاتییەک بە ناوی غەریب لە دانیشتووانی گوندی تەپەسەرقولە، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە هێزەکانی حکوومەت بۆ سەربازگەی سەید سادق کشانەوە.




 

سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

٢- نوری حه‌مه‌ عه‌لی، مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – ٢٠١٦.

٣- سه‌ید كاكه‌، بیروه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، چاپی یه‌كه‌م، ١٩٩٧.

٤- جه‌مال فه‌تحوڵله‌ ته‌یب، بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢.