دوای کودەتا سەربازییەکەی بەعسییەکان و ڕووخانی ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم، شەڕ و هێرشی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان بۆ ماوەیەک وەستا و دانوستان لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەتی عێراق دەستی پێکرد. بەڵام بەعسییەکان زوو داواکارییە کوردەکانیان ڕەت کردەوە، لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣ هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان بەتایبەتی لە ناوچەکانی بارزان و بادینان دەست پێکردەوە. لە ناوەڕاستی ئابدا، هێزێکی گەورەی سەرباز و جاش، لەگەڵ هێزێکی سوپای سووریا بە ناوی هێزی یەرمووک بە سەرکردایەتیی لیوا فەهد شاعیر کۆ کردەوە، کە سنووریان بەزاند بۆ پشتیوانیی حکوومەتی عێراق. بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و سووریا.
دوای ئەوەی زانیارییەکانی هێرشەکە گەیشتە دەست هێزی پێشمهرگه و سەرکردایەتیی شۆڕش لەلایەن دڵسۆزان و لایەنگرانی شۆڕشەوە کە حکوومەت بەنیازە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەی ئامێدی ئەنجام بدات،
سەرکردایەتیی شۆڕش لە ناوچەکە پلانێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە و تێکشکاندنی دانا بەم شێوەیەی خوارەوە:
هێزێکی پێشمهرگه بە سەرکردایەتیی فەیسەڵ حەسەن نزارکی و حاجی شەعبان لە شاری ئاشاوا جێگیر بوون بۆ ڕێگریکردن لە هێزی هێرشبەر لە هێرشکردنە سەر مانگێشکێ، لە کاتێکدا هێزێکی دیکە بە سەرکردایەتیی جەمیلە سوور بامەڕنی لە بامەڕنی جێگیر بوون. هێزێکی دیکە بۆ ئاردنا نێردرا، و هێزێکی دیکە بە سەرکردایەتیی عەریف سلێمان دۆسکی لە نێوان ناوچەکانی مزووری باڵا و دۆسکیدا بڵاو بوونەوە. لەگەڵ هێزێکی یەدەگ کە نزیکەی ٣٠٠ پێشمهرگه بوون بە سەرکردایەتیی عیسا سوار لە ناوچەی کۆلیا لە ئامادەباشیدا بوون، و هێزێکی دیکە ئامادە کرابوو بۆ ئەوەی لە نێوان باتیفا و زاخۆ لە ئامادەباشیدا بن، و هێزێکی دیکەش بە سەرکردایەتیی سەعید حاجی شەعبان لە گوندی کانی ڕەش مانەوە و ڕێگای ئامێدی بۆ بەروارییان داخست.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، لە ناوەڕاستی ئابدا، هێزێکی گەورەی حکوومەتی بە چەکی قورس و زرێپۆش و فڕۆکە و سەدان پیادە و جاش لە دهۆکەوە بەرەو پێگەکانی پێشمهرگه لە سوارە توکا دەرکەوتن.
هەرچەندە پێشمهرگه لە سەرەتاوە بەرگرییان کرد و ڕێگرییان لێ کردن، بەڵام بەهۆی قەبارەی هێرشەکەوە نەیانتوانی بەردەوام بن، بەڵام هێزەکانی خۆیان لە چەند شوێنێک کشاندەوە. سوپای عێراق دەستی کرد بە سووتاندنی گوندەکانی (باندا، کۆڤلی، کۆریما، برۆشکا سەعدینە، ملهەمبا، دێراجزنیك، زیوکا کەندلا، زیوکا عەبۆ، بانە سوورا، بیسڤکی کێشک). دانیشتووانی ئەم گوندانە ناچار بوون بۆ پاراستنی ژیانیان لە دۆڵ و ئەشکەوتەکان خۆیان بشارنەوە.
هێزەکانی حکوومەت پێشڕەوییان کرد تا گەیشتنە ناوچەی مانگێشکێ، لەوێوە بەرەو فڕۆکەخانەی بامەڕنێ لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە چوون و کردیانە بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانیان. و دابەشیان کرد بۆ چوار وێستگە:
وێستگەی یەکەم: لە فڕۆکەخانەی بامەڕنێ بۆ چیای مەتین و ڕۆژئاوای ناوچەی بەرواری.
وێستگەی دووەم: لە فڕۆکەخانەی بامەڕنێ بۆ بامەڕنێ لە لای سەرەوە.
وێستگەی سێیەم: لە سەرسەنگ بۆ ئاردنا، گوندی نافێلا، چیای مەتین، گوندی شێلازێ.
وێستگەی چوارەم: لە ناوچەی ئامێدی بۆ ناوچەکانی ئامێدی لە لای سەرەوە و جارچەل و کانی ماسی.
هێرشە گەورەکە لە ٢٠ی ئابی ١٩٦٣ دەستی پێ کرد و چەکدارە جاشەکان دابەش کران بۆ باڵەکانی شەڕ. هێرشەکەی حکوومەت لە سەرەتاوە پێشڕەوییەکی گەورەی لە هەموو لایەکەوە بەدەست هێنا، توانییان چیای مەتین و بامەڕنێ کۆنتڕۆڵ بکەن و جەمیلە سوور بامەڕنی و دوو پێشمهرگه شەهید بوون. ئاژاوە لە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهدا دروست بوو، هەندێکیان خۆیان بەدەستەوە دا و چەکەکانیان فڕێ دا، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە چوونە تورکیا. حکوومەتی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق چەکی بە جاشە ڕێکانییەکان لە ناوچەی هەکاری دا. ئەوانیش کۆمەڵێک پێشمهرگهیان گرت و ڕادەستی حکوومەتی عێراقیان کردن.
پاشان هێزی پێشمهرگه توانییان ژمارەیەکی زۆر چەک و ذخیره بەدەست بهێنن و خۆیان چەکدار بکەنەوە، و لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی بەردەوامی شەڕەکان کە بۆ بەرگری بە پشتیوانی و یارمەتیی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بەردەوام بوو، پلانێکی دیکەی بەرگرییان بۆ هێرشکردنە سەر سوپای عێراق بە سەرکردایەتیی عیسا سوار و یاریدەدەرەکەی عەلی هالۆ بە کۆنتڕۆڵکردنی چیای مەتین بە ناوی شەڕی مان و نەمان گرتە بەر. یەکەم هەنگاوەکانی هێرشی پێشمهرگه لە گوندی گابنێرکێ شەوی ٤-٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣ دەستی پێ کرد. سوپای پێشمهرگه دابەش بوون بۆ چەند کەرت و هێرشیان کردە سەر سوپا و جاشەکان. تا بەرەبەیان تێکیان شکاندن و لە هەموو لایەکەوە شکستیان پێ هێنان. توانییان هێزەکانی حکوومەت بگەڕێننەوە بۆ فڕۆکەخانەی بامەڕنێ، کە بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بوو، و چیای مەتین کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
دوای شکستی سوپای عێراق و سووریا، زیانی زۆریان بەرکەوت، لەوانە لەناوبردنی زۆربەی سوپای یەرمووک و سوپای عێراق. ١١٣ تەرمیان لە مەیدانی شەڕدا بەجێ هێشت لە نێوانیاندا ژمارەیەک سەربازی سووری هەبوون و سەدان کەسی دیکە بریندار بوون و چەندین ئۆتۆمبێل تێک شکان. دەستکەوتەکانی پێشمهرگه لەم شەڕەدا بریتی بوون لە دوو تۆپی ١٠٣ ملم و ٤٠٠ تفەنگ و ١٥ سهم و بڕێکی زۆر ذخیره و کەرەستەی سەربازی. هەروەها هێزی پێشمهرگه و بەرگریی نیشتمانی لەم شەڕەدا ٣٦ شەهید و ٧٨ برینداریان دا.
سەرکەوتنی پێشمهرگه لە چیای مەتین ورەی پێشمهرگهی بەرز کردەوە، ئەم سەرکەوتنە تەنیا سەرکەوتنی شۆڕش نەبوو لە بادینان، بەڵکو هێرشە چڕ و فشارەکانی سوپای عێراقی لەسەر بارزانی لە مانگی حوزەیرانەوە کەم کردەوە. دانیشتووان بەنیاز بوون پەنا بۆ تورکیا ببەن، بەڵام سەرکەوتنەکە هیوای گەڕانەوە بۆ گوند و ماڵەکانی خۆیان پێ بەخشیون.
سەرچاوەکان:١- شیرزاد زەکەریا محەممەد، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی عێراق ٨ی شوباتی ١٩٦٣ – ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨، دەزگای سپیرێز بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، دهۆک، ٢٠٠٦، ل ١٤٧.
٢- ڕۆژین چەلبی مونیر، زاخۆ ١٤ی تیرمەها ١٩٥٨ – ٦ی ئادار ١٩٧٥، سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی، زاخۆ، ٢٠١٨، ل ٢١٢ – ٢١٣.
٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلول، چاپی دووەم، نووسینگەی تەفسیر، هەولێر، ٢٠٠٦، ل ١٦٨.
٤- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازى کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٤، ل ١١٦.
٥- هوژین مەسعود سەردەمی، شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١ – ١٩٧٥، سەنتەری زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی، ٢٠١٨، ل ١١٨.
٦- رەجەب جەمیل حەبیب، ئامێدی (العمادیة) ١٩٢١ – ١٩٧٥، چاپخانەی هەوار، دهۆک، ٢٠١٢، ل ٢٦٠.
٧- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلوپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٨- د. عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی، ناوچەی بادینان ١٩٢٥ – ١٩٧٠ لێکۆڵینەوەیەک لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکان، بەشی ٢، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر، ل ٢٢٣.


