کاتێک حکومەتی عێراقی شەڕی دژی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٤ ڕاگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر کوردستان، هەرچەندە سوپاى عێراق قورسایی گەورەی هێرشەکانی خستە سەر ناوچەی باڵەکایەتی بەهۆی بوونی بارەگای سەرکردایەتی شۆڕش لە ناوچەکەدا. بەڵام هیچ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی پشتگوێ نەخست، بەڵکو هێرشەکانی هەموو ناوچەکانی شۆڕشی گرتەوە، هێزی پێشمه‌رگه‌ بەردەوام کاروانە سەربازییەکانی سوپاى عێراقیان لەسەر ڕێگای ئالوکا تۆپباران دەکرد، لە ڕۆژئاوای شاری دهۆک بەتایبەت مفرازەیەک لە پێشمه‌رگه‌ هەبوو هاوەنێکی (١٢٠ ملم)یان لە ئەشکەوتی سمتی پێ بوو، ئەرکەکەیان تۆپبارانکردنی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سوپاى عێراق بوو، لە حاڵەتی بوونی هەر جوڵەیەک لە ناوچەکەدا. 

لە یەکێک لە ڕۆژان و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٤ نزیکەی دە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش یاوەری یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی بەعس بوون بە ناوی عەبدولفەتاح یاسین بەرەو کەمپی لەشکری (١٨)ی سەر بە فیرقەی یەکەمی سوپا دەچوون، پێشمه‌رگه‌ بە هاوەنەکەیان کە لەبەردەستیان بوو کردیانە ئامانج، یەکێک لە زرێپۆشەکانیان پێکا کە هەموو ئەو سەربازانەی تێیدا بوون کوژران، دوای گەڕانەوەی ئەم بەرپرسییە بۆ موسڵ، ڕۆژی دواتر هەموو ئەو سەرباز و بەکرێگیراوانەی (جاش) کە هەیانبوو کۆیکردنەوە و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌، ئەوەش بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی چیا ڕەش و ئەشکەوتی تەحسا و سمتی.

یەکەکانی سوپاى عێراق لە هێرشەکەدا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش بریتی بوون لە لەشکری (١٨) و لەشکری پێنجەم و فیرقەی دووەم و تۆپخانە و بەکرێگیراوانی عەشیرەتەکانی کۆچەر و دۆسکی و سورچی و زێباری و هەرکی، و ماوەی یازدە ڕۆژ بەردەوام بوو.  

بە ئامانجی پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ بەرەکانی شەڕ، فەوجەکانی عەلی عەلی و میرانی وەک هێزی پشتیوانی گەیشتنە ناوچەی شەڕەکە، سوپاى عێراق لە سەرەتادا هێرشی کردە سەر چیا ڕەش کە فەوجی یەکەمی سەر بە هێزی دهۆک بە فەرماندەیی نوعمان سەمەد بەرگری لێ دەکرد. سوپاى عێراق هێرشەکەی بە تۆپبارانی چڕ بۆ سەر پێگەکانی پێشمه‌رگه‌ و چیاکە دەستپێکرد، پاشان پیادە و بەکرێگیراوەکان هێرشیان کردە سەر چیا ڕەش. بەهۆی تۆپبارانی چڕەوە (٥) پێشمه‌رگه‌ شەهید بوون و نزیکەی (٤٠) کەس لە ڕۆژی یەکەمی هێرشەکەدا بریندار بوون، و سوپا دەستی بەسەر چیا ڕەشدا گرت.

پاشان هێزەکانی دهۆک لە کڤری بەسکی، ئەشکەوتی تەحسا و سمتی بەرامبەر چیا ڕەش چوار دۆشکە و هاوەنی (١٢٠) ملم و هاوەنی (٨٢) ملمیان بەکارهێنا بۆ تۆپبارانکردنی سوپا لە چیا ڕەش. بۆ ڕێگریکردن لە سوپاى عێراق لە جێگیرکردنی پێگەکانی و پاراستنی خاڵە سەربازییەکانی، فەرماندەی هێزەکە عەبدولڕەزاق کەرەمووی چاودێری تۆپبارانەکەی دەکرد، دوای هەفتەیەک پلانی هێرشی پێچەوانەیان دانا، و هێزێکیان لە (٤٠) پێشمه‌رگه‌ بە فەرماندەیی قادر ئاڵکینی پێکهێنا، زۆربەیان لە بەشی ئەندازیاری هێزەکانی دهۆک بوون، و بەپێی پلانێکی سەربازی تۆکمە شەوانە لە بناری چیا ڕەش جوڵان، و لە دارستانە چڕەکەدا خۆیان حەشاردا، و هەموو کەلوپەل و پێداویستییە سەربازییەکانیان لەگەڵ خۆیان برد.

پلانی هێرشی پێشمه‌رگه‌ بەم شێوەیە بوو: ڕۆژی دواتر، لە کاتی خۆرئاوابووندا تۆپبارانەکە ڕادەگیرێت، و پێشمه‌رگه‌ بە شێوەیەکی لەناکاو هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکان، هەڵمەتەکە بەپێی پلانەکە بەردەوام بوو، فەرمان دەرکرا بە جوڵەی فەوجی یەکەم لە حاڵەتی جوڵەی ئەو چل پێشمه‌رگەیە لە شوێنەکانیان، و ئامادەباش بن بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر چیاکە، کە هێرشەکە لە دوو خاڵەوە دەستیپێکرد: شەڕەکە نزیکەی یەک کاتژمێر بەردەوام بوو، هێزی پێشمه‌رگه‌ لەم کاتژمێرەدا توانییان دەست بەسەر تەواوی چیاکەدا بگرن، و زیانی زۆریان بە سەربازانی سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان گەیاند کە گەیشتە (٢١) کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندار، هەروەها ئەوانی دیکەش هەڵاتن، لەگەڵ شەش دیلی سەرباز کە دواتر ڕەوانەی بارەگای سەرکردایەتی لە باڵەکایەتی کران. 

هێزی پێشمه‌رگه‌ لەم مەڵبەندەدا (١٤) چەکی کڵاشینکۆف و یەک (RPG) و بڕێکی زۆر تەقەمەنی و نزیکەی دە هەزار مینی جۆراوجۆر و قەبارەی جیاوازیان بەدەستهێنا کە سوپا نەیتوانیبوو لە ناوچەکەدا بیانچێنێت.

 هەروەها پێشمه‌رگه‌ بڕێکی زۆر گولـلە هاوەنی ٦٠ ملم و ٨٢ ملم و ١٢٠ ملم و جلی سەربازییان بەدەستهێنا، قوربانییەکانی پێشمه‌رگه‌ لە مەڵبەندی دەستبەسەرداگرتنی چیا ڕەش، (٦) شەهید و (٢٠) بریندار بوون، شایەنی باسە دوای ئەم هێرشە سوپاى عێراق هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌ لە پارێزگای دهۆک تا نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥.

سەرچاوەکان:
  1. مەسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.

  2. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو: ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، چاپخانەى دانیشفەڕ، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

  3. هۆژین مەسعود سەرنى: شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

  4. ئیبراهیم جەلال: باشوورى کوردستان و شۆرشى ئەیلوول بنیادنان و هەلتەکاندن ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى چوارەم، ٢٠٢١