ناحیەی بامەڕنێ دەکەوێتە بناری چیای مەتین سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ناوچەکە لە شۆڕشی ئەیلوول شەڕی گەورەی بەخۆوە بینیوە، دیارترینیان مەلحەمەی چیای مەتینە، دیارە ئەو مەلحەمەیە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە تۆمارکردنی لاپەڕە مێژووییەکان لە ڕێگەی قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی.
درێژەدان بە خەبات، چالاکییەکانی پێشمەرگە گواسترایەوە بۆ ناو دڵی دەوڵەت لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە کاتی شۆڕشی گوڵان، و شێوازەکانی شەڕی پارتیزانی توانییان گورزی کوشندە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس بوەشێنن، مەلحەمەی بامەڕنێ یەکێکە لەو هێرشانەی کە هێزی پێشمەرگە لە شەوی ٢٦/٢٧ی ئایاری ١٩٨٧ بۆ سەر بارەگا و سەربازگەکانی سوپای عێراق لە ناوچەی بامەڕنێ ئەنجامیان دا، و لەلایەن هێزی پێشمەرگەی سەر بە لێژنە ناوچەییەکانی ئامێدی و دهۆک و شێخان و بەرگری جەماوەرییەوە جێبەجێ کرا.
هەرچەندە هێرشی پێشمەرگە بەهۆی پاشگەزبوونەوەی بەکرێگیراوەکان لە بەڵێنەکانیان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ شەوێک دواکەوت، بەڵام دوای ئەوە بە پلانێکی سەربازی تۆکمە هێرشیان کردە سەر بارەگای سوپای عێراق لە ناوچەکە، و لە ماوەیەکی کەمدا دەستیان بەسەر سێزدە پێگە و فڕۆکەخانەی بامەڕنێ و فەوجی پاسەوانی سنوور و فەوجی (١٤٠)دا گرت. زیانی زۆریان بە سەربازانی سوپای عێراق گەیاند، کە کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ سەرباز و دیلکردنی (٥٨) سەربازی تر بوو، دەستکەوتەکانی ئەو مەلحەمەیە زیاتر لە (٢١٥) پارچە چەکی جۆراوجۆر و (٢٠١٥٠) فیشەکی جۆراوجۆر بوو. دیارە هێزی پێشمەرگەش بێ زیان نەبوو، دوو پێشمەرگە شەهید بوون کە ئەمانەن (فەوزی ڕەمەزان ڕەشۆ و عەبدولستار ساڵح موراد)، و سێ کەسی تر بریندار بوون.
لە بارەگای فەوجەکەدا بڕێک پارە دەستی بەسەردا گیرا کە گەیشتە (٣٢) هەزار دینار، هێزی پێشمەرگە بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشیان کرد، سەرکەوتن لەم مەلحەمەیە و لێدانی گورزێکی بەهێز لە دامەزراوە سەربازییەکانی حکوومەت سەرکەوتنێکی مەعنەویی دیار بوو بۆ شۆڕش و هێزی پێشمەرگە، و پەیامێکی بەهێز بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە شۆڕش بەردەوامە، و دەتوانێت چالاکی گەورەتر و بەرفراوانتر لە هەر شوێنێک بیەوێت ئەنجام بدات.
سەرچاوەکان:-
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=١&q=٢٠٠٨١٢١٨٠١٢٦٤٠٨٢٩
-
هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.
-
بارزانى و بزوتنەەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى چوارەم ١٩٧٥ – ١٩٩٠ شۆرشى گوڵان بەشى دووەم چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕوکسانا، ٢٠٢١.


