ئەزمەڕ یەکێکە لە چیا بەرز و بەناوبانگەکانی کوردستان، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، بەهۆی بەرزییەکەیەوە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا دەڕوانێت، بۆیە لە ڕووی سەربازییەوە پێگەیەکی جوگرافیی گرنگە، چیا بەرزەکان هەمیشە پێگەی خۆڕاگری و بەرگریی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی چیاکە سوپاى عێراق بڕیاری هێرشکردن و گەیشتن بەوێی دا، هەرچەندە سوپاى عێراق لەناو شاری سلێمانی کۆنترۆڵی هەبوو، بەڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ کۆنترۆڵی بەرزاییەکانی چیای ئەزمەڕیان کردبوو، سوپاى عێراق نەیدەتوانی بە ئاسانی بجووڵێتەوە یان ئەرکە سەربازییەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە سوپا دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشی سەربازی کرد بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی چیاکە.

لە کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٧٤ سوپاى عێراق دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ سەر پێگەکانی پێشمه‌رگه‌ لە چیای ئەزمەڕ ڕاگەیاند، لەم هێرشەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چیاکە هەریەکە لە هێزەکانی لیوای چوارەمی فیرقەی دووەم - کەرکووک و هێزە تایبەتەکان و کەتایبی تانکەکانی لیوای هەشتەم و هێزی ئاسمانی و تۆپخانەی فیرقەی دووەم و چەکدارانی بەکرێگیراو و خۆفرۆشەکان (جاشەکان) بەشدار بوون. هێزی پێشمه‌رگه‌ش کە لە ئامادەباشیدا بوون، فەوجی چوارەمی (پێنجوێن)ی سەر بە هێزی خەبات بە سەرۆکایەتیی نووری حەمە عەلی تێیدا بوون.

حکوومەت ئەمجارە هەموو توانای سەربازیی خۆی لە سەرباز و چەک و تانک و تۆپی مەودا درێژ و زرێپۆش و هێزی ئاسمانی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی شۆڕشدا بوون.

لە سەرەتای هێرشەکەیدا سوپاى عێراق چیای ئەزمەڕی بە تۆپخانە و هێزی ئاسمانی بۆردومان کرد وەک فێڵێکی سەربازی، هێزی پێشمه‌رگه‌ پێشوەختە لەو فێڵە تێگەیشتبوون، بۆیە پێگەکانیان بە باشی قایم کردبوو، تاوەکو تووشی زیان نەبن، ئەگەرچی هەندێک لە پێشمه‌رگه‌کان بریندار بوون، بەڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ بە وریاییەوە چاودێرییان دەکردن و بە قارەمانێتییەوە بەرگرییان کرد.

کاتێک هێزی ئاسمانیی سوپاى عێراق چیاکە و پێگەکانی پێشمه‌رگه‌یان بۆردومان دەکرد، بەشی بەرگریی ئاسمانیی پێشمه‌رگه‌ بە چەکی دۆشکە هێلیکۆپتەرێکیان خستە خوارەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی پێشمه‌رگه‌ هەبوو، دوای وەستانی بۆردومانەکە سوپاى عێراق جووڵەی کرد، کەتایبی تانکەکان پێش هێزی پیادە و جاشەکان کەوتن، جووڵەی سوپا بەهۆی بوونی مینی دژە تانک لەسەر ڕێگاکە سنووردار بوو، بەڵام هێزی پیادە و بەکرێگیراوەکان لە شوێنێکی دیکە پێشڕەوییان کرد تاوەکو نزیک بوونەوە لە پێگە و سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه‌، شەڕێکی سەخت لەنێوان هەردوولادا دروست بوو، لە درێژایی ئەو ڕۆژەدا پێشمه‌رگه‌ توانییان بە ئازایەتی و لێهاتووییەوە بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە، لە کۆتاییدا هێرشەکە تێکشکێنرا، تەرمی کوژراوانی سەرباز و جاشەکان لە مەیدانی شەڕەکەدا مانەوە، سوپا لە کاتی کشانەوەدا ئەو تەرمانەی بە تانک گواستەوە.

 

سوپاى عێراق لەو ڕۆژەدا لە پێکانى ئامانجەکەی شکستی هێنا، ڕۆژی دواتر، واتە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٧٤، هێرشە بەرفراوانەکەی دەستپێکردەوە، وەک ڕۆژی پێشوو بەڵکو بە چڕییەکی زیاتر بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی زیاد کرد. سوپا دواتر بە هێزێکی زەبەلاح و بە پشتیوانی و هاوکاریی کەتایبی تانک و زرێپۆشەکان پەلاماری پێگەکانی پێشمه‌رگه‌یدا، دوای شەڕێکی خوێناوی سوپاى عێراق تووشی زیانی گیانی و سەربازیی زۆر بوو، لەوانە تێکشکاندنی ژمارەیەک تانک و تۆپ، بۆیە سوپا نەیتوانی پێشڕەوی بکات و بگاتە ئەو ئامانجانەی کە ئەفسەرەکان هیوایان بۆ دەخواست، بەڵام سووربوونی سوپاى عێراق لەسەر دەستبەسەرداگرتنی چیای ئەزمەڕ بووە هۆی ئەوەی ئەفسەرەکان ڕەوانەی لێکۆڵینەوە و سزای سەربازی بکرێن، و ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی ئەوانی دیکەدا دروست بکات بۆ شکستهێنان بە پێشمه‌رگه‌، دوای گوشاری زۆر و هێرشی بەردەوام و ژمارەیەکی بێشومار لە سەرباز و چەکی قورس و تانک و تۆپخانە و زرێپۆش و هێزی ئاسمانی، هەرچەندە زیانی گەورە بەر سەرباز و بەکرێگیراو و خۆفرۆشەکان کەوت، هێزی پێشمه‌رگه‌ش بێ زیان نەبوون لە شەهید و بریندار، لە کۆتاییدا سوپا توانی دەست بەسەر چیای ئەزمەڕدا بگرێت.

سەرچاوەکان:
  1. سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو: ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی یەکەم، چاپخانەی دانیشفەڕ، هەولێر، ٢٠٢٢.

  2. مەلازم خدر عەبدوڵڵە دەباغ: بیرەوەرییەکانم و تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، چاپخانەی ڕۆشنبیری، چاپی سێیەم، هەولێر – ٢٠٢٠.

  3. کاروان جەوهەر محەممەد: ئیدریس بارزانی ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

 ئیبراهیم جەلال: باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.