مەعرووف قادر عەلی، ناسراو بە (مەعرووف چۆمانی)، لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی چۆمانی سوەیل ئاغای سەر بە ناحیەی سمێلان لە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران دەبێت و لە ئۆردوگای بەهرەم نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٧٦ کۆچبەری باشووری عێراق دەبێت. پاش دوو ساڵ مانەوە لە باشووری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی، ساڵی ١٩٨٥ بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر دەگوازرێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە ئۆردوگای دیانا.

 

لە ساڵی ١٩٧٣ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات و لەگەڵ جەلیل شێرکاوەیی دەبێتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٩١ لە سەرەتای ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستان لە شاری سۆران بەشداری دەکات و ڕۆڵێکی باڵا دەبینێت. ساڵی ١٩٩٢ پاش پێکهێنانی لەشکری کوردستان لە باتالیۆنی ٩ی گۆشینەی سەر بە لقی نەجمەدین گۆرۆنی دەبێتە پێشمەرگە. لە ساڵی ١٩٩٧ پلەی جێگری باتالیۆنی ١ لە لیوای ٧٢ی سوپای باڵەک وەردەگرێت.

 

شەهید مەعرووف چۆمانی بەشداری چەندین شەڕی بەرگری لە یاسا و سەروەری کوردستان دەکات، وەک شەڕەکانی قەسرێ، حاجی ئۆمەران، بەردەبووک، ئاشێ خدر ئاغا، گەرووبێشێ، لۆلان، خنێرە و چیای هەسارۆست.

 

لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ١٩٩٨ لە شەڕێکدا لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی گۆجار لە ڕەبایەی فاتان لەسەر ڕێگای دیلمان، لەگەڵ دوو لە هاوسەنگەرانی خۆی شەهید دەکرێت. پاش شەهیدکردنی تەرمەکەی دەسووتێنرێت و بەخاک دەسپێردرێت.

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.