لە ساڵی ١٩٧٩ پلەی بەرزکرایەوە بۆ فەرماندەی هێزی پێشمه‌رگه‌ لە شۆڕشی گوڵان. لە هەمان ساڵدا بەشداری لە کۆنگرەی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە. لە ١٦ی ئابی ٢٠١٨ سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمر پێشکەشی کرد. لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی گوانی سەر بە ناحیەی دیانا لەدایکبووە، بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لەو سەردەمەدا نەیتوانیوە بخوێنێت، بەڵام دواتر فێری خوێندن و نووسین بووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە و لە کرماشان و پاشان ئەهواز نیشتەجێ بووە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ خانەقین و پاشان بۆ کەربەلا. حکومەتی عێراق بە ناهەق بۆ ماوەی دوو مانگ لە نەجەف زیندانی کردووە. موشیر ڕەسول حاجی زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت. لە ساڵی ١٩٦٦ لە ڕێگەی حەمید ئەفەندییەوە پەیوەندی بە هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و وەک پێشمه‌رگه لە فەوجی بالەک دەستبەکار بووە. تا ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بەردەوام بووە. لە ساڵی ١٩٧٤ لە کاتی دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان سوپای عێراق و شۆڕشی کورد، لە سەربەردی خزمەتی کردووە و بەشداری لە شەڕی چیای گۆڕێز کردووە، کە تێیدا دوو ئامۆزای بە ناوەکانی عەبدولواحید حەمەد لاو و واسۆ حەمەد لاو شەهید بوون. موشیر ڕەسول حاجی خۆیشی بریندار بووە و لە ورمێ چارەسەری بۆ کراوە. لە ساڵی ١٩٧٨ مۆڵەتی گەڕانەوەی بۆ گوندی گوانی وەرگرتووە، بەڵام بڕیاری داوە جارێکی تر لە شۆڕشی گوڵان و لەژێر فەرماندەیی حەمید ئەفەندی پەیوەندی بە هێزی پێشمه‌رگه‌وە بکاتەوە. لەگەڵ چەند کەسێک لە کەسوکارەکەی بەرەو گوندی گۆستا کە دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری کوردستان بەڕێکەوتووە. دوای پەیوەندیکردن بە هێزی پێشمه‌رگه‌، لە ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتی خزمەتی کردووە. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩ بەرەو ڕوژهه‌لاتی کوردستان بەڕێکەوتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) و بەشداری کارای لە کۆبوونەوەکانی گوندی زێوە کردووە. تا ساڵی ١٩٨٠ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان ماوەتەوە و پاشان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. پێش ئەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمه‌رگه سەردانی گوندی شەپاتای لە باکووری کوردستان کردووە. سەرەڕای دۆخی سەختی ڕووباری ڕوبارۆک، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڕزگار کراوە. بەهۆی برینداربوونی لە شەپۆلەکانی ڕووبارەکە و نەبوونی بنکەی تەندروستی، بە پێستی ئاژەڵ برینەکانی خۆی تیمار کردووە. لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە فەرماندەی فەوج لە هێزی پێشمه‌رگه‌. لە هەمان ساڵدا لە نزیک گوندی کاوانێ لە ناحیەی مێرگەسۆر کەوتووەتە بۆسەی سوپای عێراق و جاشەکان. دوای بەرگرییەکی سەخت توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات. لە ساڵی ١٩٨٥ گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی و بووەتە ئەندامی لێژنە ناوچەی ڕواندز لە بەشی سەربازی. تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بووە و بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە، لەوانە شەڕەکانی وارتێ، کۆنەکۆتر، هیران و نازەنین. لە شەڕی نێوان هیران و نازەنین بە سەختی بریندار بووە، هەروەها لە ناوچەی ماڵان بەر چەکی کیمیایی کەوتووە و بۆ ماوەیەک تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بووە. لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی سۆران، هەولێر و ئاکرێ کردووە و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕاوەتەوە ڕانیە. لەگەڵ عومەر عوسمان مێرگەسوری و جەمال مورتکە لە ڕاپەڕینی هەولێر کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٢ دوای دامەزراندنی هێزە یەکگرتووەکان لە ڕواندز، بووەتە فەرماندەی فەوجی شەش. لە ساڵی ١٩٩٥ گواستراوەتەوە بۆ لەشکری پێنجی سپیلک و سەرپەرشتی جوڵەی لەشکری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٩ پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ ئەندامی فەرماندەیی هەڵگورد و ئێستا بە پلەی لیوا خزمەت دەکات. لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری کارای لە شەڕی پاراستنی سەروەری کوردستان لە بەرەکانی مەحموودیە، زوممار و باشیک دژی تیرۆریستانی داعش کردووە. 

سەرچاوەکان:

ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی