شەهید محەمەد حەمە کەریم حەمە سادق یوسف بە ناوی حەمەی سۆفی کەریم ناسراوە و لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی کانی سێفی کەناری چیای سورێن سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایک بووە. گوندنشین بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە و دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە و لە شاری مەریوان نیشتەجێ بووە. خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی ئەینە حەمە سەعید بووە و خاوەنی چوار کوڕ و سێ کچ بووە بە ناوەکانی کازم و مەسعوود و یادگار و ئەسەد و ڕەحمە و ڕێزان و فاتیمە.
لە ساڵی ١٩٨٦ لە هێزی سورێن سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە پێشمهرگه. لە ساڵی ١٩٨٧ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس سەنگەرەکانی پێشمهرگهکانیان لە چیای سورێن بۆردومان کردووە و بەهۆی ئەو بۆردومانەوە حەمەی سۆفی کەریم لە سەنگەری بەرگریدا چەند پارچە ساچمەیەکی بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.
بەشداری ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی کردووە و هەر لە سەرەتای ڕاپەڕیندا لە دەڤەری شارەزوور، لە ٧ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە گرتنی سەربازگەیەکی قەینەچەی نزیک سەید سادق فیشەکێکی بەرکەوتووە و شەهید بووە.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


