شەهید فەقێ ڕەسول ڕوستەم لە ساڵی ١٩٦٣ لە ناحیەی قەڵادزێی سەر بە قەزای پشدەری پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە، ئاستی خوێندەوارییەکەی سەرەتایی بووە. دانیشتووی قەڵادزێ بووە. فەقێ ڕەسول خێزاندار بووە و لە کاتی کۆچبەری لە وڵاتی ئێراندا هاوسەرگیری لەگەڵ نەسرین شەریف کردووە کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەروەها خاوەنی کوڕێک و دوو کچ بووە.

 

باوکی ڕەسول ڕوستەم لە داستانەی کێوەرەشی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٤ شەهید بووە، هەروەها بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس لەسەر نیشینگەی زێوەی وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٥ دوو برای بە ناوەکانی مەریوان ڕەسول و شۆڕش ڕەسول شەهید بوون و خوشکێکیان بە ناوی پیرۆز ڕەسول بە سەختی بریندار بووە. هەروەها هەتا ئێستاش بنەماڵەی فەقێ ڕەسول نەگەڕاونەتەوە و لە شاری سەردەشتی وڵاتی ئێران نیشتەجێ بوون.

 

لە ساڵی ١٩٨٤ پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە لە هێزی پشدەری پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەو کاتەدا فەقێ ئوسو فەرماندە بووە.

 

فەقێ ڕەسول بە شێوەیەکی چالاکانە لە جووڵەکانی مەفرەزە پارتیزانییەکانی دەڤەری پشدەر و بیتوێن بەشداری کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ چالاکییەکی پارتیزانی و کۆبوونەوەیەکی شانەی نهێنی گەڕاوەتەوە قەڵادزێ، پاش تەواوکردنی کارەکانی و گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئێران، لەسەر سنوور کەوتووەتە ناو کەمینێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس و بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی شۆڕشەوە دەستگیر کراوە و گواستوویانەتەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب. پاش دوو مانگ لە دەستگیرکردنی لە ١٣ی نیسانی ١٩٨٨ بە بڕیاری دادگای ڕژێمی بەعس لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. هەروەها یەکێکە لەو شەهیدانەی کە گۆڕەکەی نادیارە.

 

بەڵگەنامەکانی لەسێدارەدانی شەهید فەقێ ڕەسول ڕوستەم.

 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان