فەخیر حەمەد ساڵح حەمەد لە هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی 1945دا پاش ڕووخانی شۆڕشی بارزانى دووەم (1943-1945) لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 1947دا، پاش ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە شارۆچکەی مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر، بە دوورخراوەیی ژیاوە.
خەباتنامەفەخیر حەمەد ساڵح حەمەد لە ساڵی 1963دا تێکەڵی ڕیزەکانی پێشمهرگه بوو، لە ساڵی 1965دا بوو بە فەرماندەی هێزەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە شەڕی کۆرێی سەر بە پارێزگای هەولێر دژی سوپای عێراق و یەکێک بوو لە فەرماندەکانی داستانی هەندرێن دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق (تەوکڵنا عەلەڵا) لە پارێزگای هەولێر، لە 1ی ئاداری 1969دا یەکێک بوو لە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنی بابەگوڕگوڕ بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، لە هەمان ساڵدا فەرماندەی ئازادکردنی شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی بوو لە سوپای عێراق.
لە ساڵی 1969دا فەرماندەی هێزەکانی ڕزگاری بوو کە سەر بە لەشکری سێیەم بوون لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و کەرکووک، لە 6ی تشرینی دووەمی 1969دا سەرپەرشتیی شەڕی مێرگە، چیای ئەزمەڕ و شەڕی زنجیرە چیای بەردەقەڵای سەر بە پارێزگای سلێمانی دژی سوپای عێراقی کردووە، لە کۆتایی ساڵی 1969دا فەرماندەی شەڕی بناری چیای کۆسرەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، لە ساڵی 1970دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی 8یەمەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1970دا بووە بەرپرسی کۆمیتەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، لە 6ی ئابی 1970دا لەسەر ناوی سەرۆک مستەفا بارزانی (1903-1979) لە شاری بهغدا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی (1933-2017) کۆبووەوە و لەسەر گەڕانەوەی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد-جەلال تاڵەبانی وتووێژیان کرد. لە ساڵی 1971دا لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول وە فەرمانی گرتن بۆی دەرچوو و لە ساڵی 1975دا کۆچی دوایی کرد، زمانی کوردی و عەرەبی بەباشی دەزانی.
سەرچاوە:- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- ئامادەکار سەلاح ڕەشید، مام جەلال دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە هەتا کۆشکی کۆماری، بەرگی 1، (سلێمانی - چاپخانەی کارۆ - 2017، ل 361.
- عەلی شێنگالی، پرسی کورد و پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012ی زایینی)، لاپەڕە 362، 366، 405.
- ئارام کەریم، من مام جەلال دەناسم، بەشی 1، (بێ شوێن، 2000، ل. 21-24-26.
- فاتح ڕەسووڵ، لە کاروانێکی دوور و درێژدا، (ستۆکهۆڵم، 1997، ل. 176-177.
- ئەحمەد بانیخێڵانی، بیرەوەرییەکانی من، (ستۆکهۆڵم، 1997، ل. 217، 257,279.
- پرسی کورد چۆن چارەسەر دەبێت، (شاری بهغدا - ڕۆژنامەی ئەلسەورە - دار ئەلسەورە بۆ وەشاندن و چاپکردن - 1969، ل. 34.
- فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، ژیاننامەی ئەفسەرانی کورد، بەشی II، (تاران، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2020، ل 155.
- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی 1963-1970دا: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر ڕەوشی سیاسی، (هەولێر - چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین - 2016، ل. 214، 317-318.
- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی 1958 و 1963دا، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕەوشی سیاسی، (هەولێر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2012، ل 159.
- ئەدیب و وائی، عێراق، بێژوز، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی و گەشەسەندنە ناوخۆییەکان 1915-1975، وەرگێڕانی عەبدولمەجید حەسیب ئەلقەیسی، بەشی دووەم، (بەیرووت - ماڵی عەرەبیی ئینسایکلۆپیدیاکان - 1989، ل. 64.


