ژیاننامە

عەبدوڵڵا سلێمان عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1920 لە گوندی بارزانی سەر بە ناحیەی بارزانی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ کۆماری تورکیا کردووە. دوای ئەوەی چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لەوێ لەگەڵ ژنێک بە ناوی یووشکا هاوسەرگیری دەکات و دوو کوڕ و کچێکیان بە ناوەکانی ناجح، ناجی و ئامینە هەبوون. عەبدوڵڵا سلێمان لە یەکێتیی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی لە بواری کشتوکاڵدا وەرگرتووە، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە ساڵی 1959 لە ئۆفیسی کشتوکاڵی بلێ کار دەکات، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی باش زانیوە، لە ساڵی 1979 لە شاری دیوانییە لە باشووری عراق کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێش بە خاک سپێردرا.

خەباتنامە

عەبدوڵڵا سلێمان عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1943 تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان دەبێت و بەشداریی شەڕەکان دەکات، لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفیی سەربازیی عراق سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستیان بەسەردا گیرا.

لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی پەڕینەوە بۆ ڕوژهه‌لاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئازاری 1946، لە نێو هێزەکانی بارزاندا بەرگریی لە کۆمارەکە کرد.

دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕی شنۆ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان کرد، ئەویش لە نێو ئەو پێشمه‌رگانه‌دا بوو کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بێرازگر لە نێو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە دەڤەری شێروان و مزووری.

دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرزۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ سەرجەم هاوڕێکانی بڕیاریان دا کە بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای ماندووبوون و زەحمەتییەکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و سەرجەم هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت ئەوان لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان ئەنجام دا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان بەردەوام کرد.

لە ئازاری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، هەر بۆیە، ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی بڕگەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی بڕگەی 10 و بڕگەی 11ی یاسای گۆڕانکاریی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبوردنی گشتی دەرچوو.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

لە ساڵی 1961 پێشمه‌رگه بوو شۆڕشی ئەیلوول و بەشداریی شەڕەکانی کردووە. لە ساڵی 1975، دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوور خرایەوە.

سەرچاوە:
  1. حەیدەر فارووق ئەلسامەڕائی، زیء جەعفەر وەدەوەروهو ئەلسیاسی وەلئێقتسادی فی ئەلعێراق، (لەندەن – دارلحکمە - 2016ز).

  2. شەعبان عەلی شەعبان، چەند ئاگاییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).

  3. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).

  4. کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە هەتا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).

  5. گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، عام 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، 15.04.1959.

  6. لە یادەوەریی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).

  7. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).

  8. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.