عەبدوڵڵا دەروێش عەلی بە ناوی عەبدوڵڵا دەروێش ئەردینی ناسراوە. لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی ئەردینێی سەر بە شارۆچکەی سەرسەنگ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە دایک بووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. لە دەڤەری دۆسکیی ژێری و لای ئەسەد خۆشەوی بووە پێشمه‌رگه‌. پاشان لای سەعید خەلیل خۆشەوی گواستراوەتەوە و کاری ئیداریی بەڕێوە بردووە. عەبدوڵڵا دەروێش ساڵی ١٩٦١ لە شەڕەکانی گوندی گەرمک و ساڵی ١٩٦٤ لە شەڕی دۆسکیی ژێریدا بریندار بووە. لە ساڵی ١٩٦٣ گەڕاوەتەوە بۆ هێزی دهۆک و لەوێ بووە بەرپرسی کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو هێزە.

 

لە ساڵی ١٩٦٤ لە بارەگای سەربازیی یەکی سەر بە دەڤەری بەرواریی باڵا ئەرکی نووسینی بەشی بێتەل و گەیاندنی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی قەسرێی سەر بە دەڤەری باڵەکایەتی خولی برینپێچیی بینیوە و پاش ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ لەشکری یەک، لە گوندی قومەیەی سەر بە دەڤەری بەرواریی باڵا لە نەخۆشخانەی شۆڕشدا لە ژێر دەستی دکتۆر موشێ کە پزیشکێکی کریستیان بوو کاری کردووە. لە هەمان ساڵدا لە گوندی قەسرێ خولێکی شەش مانگیی بێتەلی بە پلەی باش لە لایەن نووری حەیدەرییەوە تەواو کردووە. پاش چەند مانگێک لە نوێ دیتنی خولێکی دیکەی بێتەل بە ئامێری نوێوە ئەوانیان ناردووە بۆ گوندی ڕایات. پاش کۆتاییهاتنی خولەکە لە بەشی بێتەلی سەر بە بارزان ئەرکدار کراوە و لە ساڵی ١٩٧١ بۆ بارەگای بارزانی لە حاجی ئۆمەران گواستراوەتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٤ پاش دەستپێکردنی شەڕ لە لایەن سوپاى عێراقەوە دژی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، عەبدوڵڵا دەروێشیان ناردووە بۆ ئێران و لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی شۆڕش کە دکتۆر شەفیق قەزاز بەرپرسی مەکتەبەکە بوو کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکستەکەی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە. لە سەرەتادا لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بووە و لەوێوە بۆ شاری ئەردەکان لە پارێزگای یەزد گواستراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩١ پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان، گەڕاوەتەوە کوردستان.  

 

لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە گوندی ڕاجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەزگای بێتەلی مەکتەبی سیاسی ئەرکی جێگری بەشی پەیوەندییەکانی مەکتەبی سیاسی ئەرکدار کراوە. لە ساڵی ١٩٨٥ لە بەشی پەیوەندییەکانی مەکتەبی سیاسی کە بارەگاکەیان لە لۆلان بوو کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چووە بۆ گوندی کانی ساردک لە ناوچەی نێروە و ئەرکی بێتەلی سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەڕێوە بردووە و پاش شەش مانگ گەڕاوەتەوە گوندی ڕاجان.

 

لە ساڵی ١٩٩١ پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لە قاسمەڕەش بووە و پاشان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشڕەویی ڕاپەڕینەکانی ڕانیە، هەولێر، کۆیە، شەقڵاوە، پردێ و کۆرێ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی بووە. پاش شکستی سوپاى عێراق و دەستپێکردنی گفتوگۆکان، سێ جار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چووە بۆ شاری به‌غدا.

 

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە ٥٠ ساڵەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لە بەر ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کردووە، لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە مەدالیای بارزانیی وەرگرتووە.



 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.