ژیاننامە

عەبدوڵا عەلی عەبدوڵا ڕەجەب لە ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی عەرەبانی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، شارنشین بووە و وەستای بۆیاخ و کارەبایی بووە، عەبدوڵا عەلی خێزاندار بووە و خێزانی ناوی خەجیجە قادرە و خاوەنی سێ کوڕ و چوار کچ بووە بەناوەکانی نەهڕۆ، کاسترۆ، هەژار، گەلاوێژ، سوزان، تاڤگە و فانیە.

خەباتنامە

شەهید عەبدوڵا عەلی لە ساڵی ١٩٦٢ بۆتە کادری ڕێکخستنی شانەی نهێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو شاری هەولێر، ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ شەهید فەڕەنسۆ هەریری هەبووە و ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر دوژمن، بەهۆکاری وەستایەتی بۆ چەند کارێک چۆتە فەرمانگەکانی ئەوکاتی عێراق و دواکاری شۆڕشی بەجێ گەیاندووە.

لە ساڵی ١٩٦٩ لەم کارەی وەک کۆکەرەوەی زانیاری ئاشکرا کراوە و ڕووی کردۆتە دەڤەری گەڵاڵە، چۆتە لای شەهید فەڕەنسۆ حەریری و بۆتە پێشمەرگەی تایبەتی خۆی، لە هەمانکاتدا بۆ چەند چالاکیەکی چەکداری گەڕاوەتەوە ناو شاری هەولێر.

لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ دەستەیەکی هاوسەنگەری دەگەڕێنەوە شاری هەولێر و لە نزیک پردی کۆنی دارەتوو، کەوتوونەتە ناو بۆسەی سەربازی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری عەبدوڵا عەلی بە سەختی بریندار بووە و بە برینداری لەلایەن سەربازەکانەوە دەستگیر کراوە، لە ڕێکەوتی ١٥ی نیسانی ١٩٧٤ لە گرتووخانەی ئەبوغرێب لە سێدارە دراوە و شەهید بووە.

  سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.