ژیاننامە

عەبدولڕەحمان گۆمەشینی لە ساڵی 1917 لە گوندی گۆپتەپەی ناحیەی شۆڕش سەر بە قەزای کۆیەی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤیەت دوو ژنی هەبووە، ژنی یەکەمی ناوی جەواهر موحیەدین بووە و ژنی دووەمیشی ناوی نەیلا حەمەد ڕەسوڵ بووە، چوار کوڕی بە ناوەکانی زیاد، زاگرۆس، بێگە و ئاوارە هەبووە. عەبدولڕەحمان لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی لە بواری دارستاندا وەرگرتووە، هەر لە سۆڤیەت لەگەڵ ژنێک بە ناوی کافیە هاوسەرگیری کردووە، دوو کچیان هەبووە بە ناوەکانی ڕایە (1954) و ڤێرا (1957).

دوای ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، لە ئۆفیسی دارستانی کەڵەک وەک چاودێری کشتوکاڵ کار دەکات، لە ساڵی 1960 بۆ ئۆفیسی دارستانی کۆیە دەگوازرێتەوە. دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، لە ساڵی 1978 لە ناسر لەدایکبووەوە دەگەڕێتەوە کۆیە، لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە سەر پیشەکەی خۆی و بوو بە فەرماندەی فێرکار، هەم کوردی و هەم بە ڕووسی قسەی دەکرد، لە 22ی تەمموزی 1979 لە کۆیە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گۆمەشین بە خاک سپێردرا.

خەباتنامە

عەبدولڕەحمان گۆمەشینی، لە ساڵی 1943 تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان دەبێت، لە 8ی ئابی 1945 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسەکانی مێرگەسۆر دەکات، لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفی عەسکەری عێراق هەموو ماڵ و موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانی دەستیان بەسەردا گیرا.

دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕییەوە ڕوژهه‌لاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزانی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو بە پێشمه‌رگه، لە 29ی نیسانی 1946 بەشداری شەڕی قەرەوای لە دەڤەری سەقز کردووە. دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 19ی ئاداری 1947 بەشداری شەڕی نەغەدە و شنۆ دەکات. یەکێک بوو لەو پێشمه‌رگهانەی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگای خواکورک و دەشتی بێرزگەر بە ڕێگای باکووری کوردستاندا گەڕانەوە ناوچەکانی شێروان و مەزوریان.

دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچنە سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچنە یەکێتی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زۆر زەحمەتی و ناخۆشی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاو دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خواردن، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت ئەوان لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان ئەنجام دا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازییەکەیان بەردەوام کرد.

لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای گۆڕانکاری ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرکرا.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گیرۆزیا بە ڕێگای بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

لە ساڵی 1960 نوێنەری کۆنگرەی پێنجەمی حزب دیموکراتی کوردستان بوو و پاشان وەک کارگێڕی کۆمیتەی ناوچەی کۆیە دەستنیشان کرا و بەرپرسی ڕێکخستنی سەربازی بوو، بۆ ماوەی شەش مانگ جێگری تابووری 3 بوو و بەرپرسی بەشی سەربازی بوو، لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە شەڕەکانی جەلدەیان، شەڕەکانی باوەچی، زۆزک، قۆپچی و کۆرێ بەشدار بووە، لە ساڵی 1975 دوای ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی کرد بۆ ئێران، لە ساڵی 1978 گەڕایەوە کوردستان، پاشان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ماوەی مانگێک گواسترایەوە بۆ باشووری عێراق و لە ناسر لەدایکبووە نیشتەجێ بوو.

سەرچاوە:
  1. حەیدەر فارووق ئەلسامەڕائی، زیا جەعفەر وەدەوەروهو ئەلسیاسی وەلئیقتسادی فیلعێراق، (لەندەن – دارلحکمە - 2016ز).

  2. شەعبان عەلی شەعبان، چەند ئاگاییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).

  3. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لەنێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001)، ل 121، 126، 127. 

  4. عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - وەشانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).

  5. کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتی سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).

  6. لە بیرەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی دا، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).

  7. لەیث عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبەیدی، ثەورەت ١٤ تەموز ١٩٥٨ فی ئەلعێراق، (شاری بەغدا - دارەلڕەشید للنشیر - ١٩٧٩ز).

  8. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

  9. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.