فەرماندە لیوا عومەر میرخان خەزالی لە ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی جاجۆکی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ لەدایکبووە، لە منداڵیدا لەگەڵ کەسوکارەکەی لە ساڵی ١٩٤٥ کۆچیان بۆ ڕوژههلاتی کوردستان لە ئێران کردووە، بنەماڵەکەی بەشدارییان لە پاراستنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کردووە، دوو برای بە ناوەکانی خەزالی میرخان جاجۆکی و شەهید حیسۆ میرخان جاجۆکی، لەگەڵ بارزانی نەمر چوونەتە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچیان بۆ ئێران کردووە، سەرەتا لە زێوە بوون و دواتر بۆ جەهرەم، ڕەفسەنجان و قەزوێن گواستراونەتەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە ڕوژههلاتی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨٠ لە مەهاباد نیشتەجێ بووە، دوو برای بە ناوەکانی یوسف میرخان جاجۆکی و حیسۆ میرخان جاجۆکی لە شۆڕشی گوڵان دا شەهید بوون، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی جاجۆکی دەڤەری بارزان بە خاک سپێردرا.
خەباتنامەعومەر میرخان خەزالی لە ساڵی ١٩٦٣ تێکەڵی هێزی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوول بووە، لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری شەڕەکانی کێوەڕەش، ئاسۆس، گیلەزەر و سەنگەسەری کردووە، تا ساڵی ١٩٧٠ لە نێو هێزی کاوە بووە کە برایەکەی حیسۆ میرخان خەزالی فەرماندەیی دەکرد، لە ساڵی ١٩٧٤ پلەی ملازمی لە هێزی پاراستنی سنووری قەڵادزێ وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچیان بۆ ئێران کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ دەستەیەکدا سەرەتا دەچێتە قەسمەڕەش لە ناوچەی سەردەشت و لەوێوە دەچێتە لۆلان و دواتر بنکەکەی لە خواکورک دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٨٨ سەردانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش دەکات و لەگەڵ خەزالی میرخان، فەرماندەی هێزی حەمرین و بە لێدانی هێزەکانی دوژمن، یەکێک بووە لەو فەرماندەیانەی بەشداری داستانی خواکورکی کردووە و بەشداری ڕاپەڕین بووە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وەک فەرماندەی تیپ بەرزکراوەتەوە و دواتر بووە فەرماندەی تیپی مەکتەبی سەرۆک لە پیرمام، بەشداری کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ و کۆنگرەی ١٣ لە ساڵی ٢٠١٠ بووە و لە کۆنگرەی ١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەدالیای بارزانی نەمر خەڵاتکراوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە بەرەی گوێڕ-مەخموور و گرتنی باقرتە، عەلی ئاوا، جەدیدە، دووگێڕکان و سوڵتان عەبدوڵڵا بووە. ماوەیەک هێزە تایبەتەکانی بۆ سەر هێزی پشتیوانی یەکی وەزارەتی پێشمهرگه گواسترانەوە.
عومەر میرخان جاجۆکی لە ماوەی پێشمەرگایەتی خۆیدا ٥ جار بریندار بووە و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی وەک ئامۆزاکەی عەلی تەها جاجۆکی لە ساڵی ١٩٦٣، میرخان حاجی میرخان برازای و ساڵح حاجی میرخان برازای و کەکشار خیدری خوشکەزای لە ساڵی ١٩٨٣ و دوو برازای بە ناوەکانی عەلی حیسۆ میرخان لە ساڵی ١٩٩٤ و خەلیل خەزالی میرخان لە ساڵی ١٩٩٥ شەهید بوونە.
سەرچاوە:-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


