شەهید عابد ڕەحیم عەبدوڵا محەمەد، خوێندکاری ئامادەیی کشتوکاڵ بووە و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە. ساڵی ١٩٨١ لە گوندی خەیلی حەمەی دەشتی شارەزوور لەلایەن سەرباز و جەحشەکانی ڕژێمی بەعس دەستگیر کراوە، لە ونبووان و شەهیدانی نەناسراوی گۆڕە.

شەهید عابد ڕەحیم عەبدوڵا محەمەد ساڵی ١٩٦٤ لە ناحیەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە بیارە تەواو کردووە و چووەتە قۆناغی ئامادەیی کشتوکاڵ لە سلێمانی.

ساڵی ١٩٧٩ چووەتە ئێران و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگە لە مفرەزەی شەهید یونس عەلی (عەریف یونس) کردووە، سەربە فەوجی محەمەد ڕەمەزان لە هێزی هۆرامانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ساڵی ١٩٨١ عابد ڕەحیم لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانی (یونس عەلی، عەریف یونس، حەمە زەمقی) بۆ ئەنجامدانی چاڵاکییەکی جەنگی چوونەتە دەشتی شارەزوور و شەوێک لە گوندی خەیلی حەمە مانەوە. لەگەڵ هەڵاتنی خۆر هێزێکی زۆر لە سەرباز و جەحشەکانی ڕژێمی بەعس گوندەکەیان گەمارۆ دا و داوای دەستبەردارییان لێ کرد، بەڵام بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەیان دا. دوای چەند کاتژمێر شەڕێک یەکێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانیان (حەمە زەمقی) شەهید بوو، هێزەکە عابد ڕەحیم و یونس عەلی و عەریف یونس گەمارۆ دا و بە برینداری دەستی بەسەردا گرتن. زانیاری هەیە کە نێردراونەتە زیندانی موسڵ، بەڵام دوای ئەوە هەواڵیان بڕاوە و هێشتا چارەنووسیان نەزانراوە، عابد ڕەحیم عەبدوڵا محەمەدیش لە پێشمەرگە نەناسراوەکانی گۆڕە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان