گەلیی ڕەشاوە دەکەوێتە ناوچەی ئامێدی و دێرەلووکی دەڤەری بادینان، بەهۆی شوێنی جوگرافی و خۆشەویستیی خەڵک بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، ئەنجامدانی چالاکیی پارتیزانی ئاسانتر بوو، لەبەر ئەوە لە بواری شۆڕش و بەرخۆداندا وەک هەموو دەڤەرەکانی تری کوردستان لە پشتیوانیکردنی شۆڕشدا ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕا، حکوومەتی عێراق چەندین جار دژی کوردستان هەڵمەتی گەورەی لە هەندێک دەڤەری تایبەت دەستپێکرد، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و بە گشتی بڕینی دەنگی شۆڕش، بە هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆیەوە شەڕی هێزەکانی شۆڕشی دەکرد، چونکە جووڵە و چالاکییەکانی پێشمەرگە لە زۆربەی دەڤەرەکان زیادی کردبوو، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 1987دا، سوپای عێراق و هێزەکانی تری چەکدار هێرشێکی گەورەیان دژی ئەترووش و کەڵەکەنیکا لە بادینان ئەنجام دا کە نزیکەی 20 ڕۆژ بەردەوام بوو، بە بیانووی ئەوەی ئەم دەڤەرانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستاندان.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بە هێزی سەربازیی لەبەر دەست وەک ژمارەی پێشمەرگەکان، چەک و تەقەمەنی شەڕی هێزەکانی حکوومەتیان دەکرد و گورزی کوشندەیان لێ دەوەشاندن، ئاشکرایە، وەک ئەوەی گوتراوە، لە سەرەتای کانوونی دووەمی 1987دا، حکوومەت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی لە دەڤەری ئەترووش دەستپێکرد، لە دەڤەرەکانی تریش هێزەکانی پێشمەرگە ڕێگرییان لە کاروانە سەربازییەکان کرد و چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە بەرەکانی شەڕ ئەنجام دا.

ئێوارەی 11ی کانوونی دووەمی 1987 دەوروبەری کاتژمێر 16.00 لە گوندی ڕەشاوە دەنگی چەک زۆر دەهات، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکانی ئامێدی – دێرەلووکیان گرت و کاروانە سەربازییەکانیان کردە ئامانج و هێرشیان کردنە سەر کە دەکەوتنە ڕێ و بەرەو بەرەی شەڕ دەچوون، هەروەها هێرشیان کردە سەر ناوەندی تاپۆری دێرەلووک، ناوەندی پارتی بەعس و ئاسایشی شارۆچکەکە، دیارە هێرشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان دژی هێزە عێراقییەکان زیانێکی گەورەی پێ گەیاندن کە ناوەندی ئالای، بارەگای پارتی بەعس و بارەگای ئاسایش سووتێنران هەروەها تۆپێکی 82 ملم، 2 تانک، ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکێنران.

شایەنی باسە کە چالاکییەکانی پێشمەرگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو بوونەتەوە کە حکوومەت تووشی بێزاری بوو بوو کە هەمیشە لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بیری دەکردەوە کە مەترسییەکەی سەر دامەزراوەکانی خۆی لابدات.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوخانا، 2021.

  2. شیمال زێباری: چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر –2015.