دوای کۆنگرەی نۆیەم پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩، ڕێکخستنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی لێژنە ناوچەییەکان و ڕێکخراوەکاندا دووبارە ڕێکخرایەوە، پاشان بۆ فراوانکردنی چالاکییەکان و گەیاندنی دەنگی شۆڕش بۆ هەموو شوێنەکان، پێشمەرگە بە شێوەی گرووپ بۆ ناوچەکانی کوردستان نێردران، لە هەمان کۆنگرەدا بڕیاردرا خەباتی چەکداری بە شێوەی شەڕی پارتیزانی درێژە پێبدرێت.
ڕێکخراوی شەهید شەهیاز ساڵح بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی لە ناوچەی بەرواری باڵا و زیندووکردنەوەی ڕێکخستنەکان نێردران، دیارە بەشێک لە کاری ڕێکخراو و لێژنە ناوچەییەکە ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشمەرگە بوو، ئەمەش پەلاماردانی بنکە و دامەزراوەکانی ڕژێمی بەعسی دەگرتەوە، لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا کە پەیوەست بوو بە چالاکیی پێشمەرگەوە، ڕێکخراوەکە ڕیزەکانی خۆی ڕێکخستەوە و پلانی بۆ جێبەجێکردنی چالاکییەکەی دانا، کە بریتی بوو لە پەلاماردانی بنکەیەکی سەربازی ڕژێمی بەعس لە ناوچەکەدا، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، ڕەبایەکانی گەری ئیسفکایان دیاریکرد، کە بەرامبەر گوندی کرە کوهی لە ناوچەی بەرواری باڵایە، بۆ ئەوەی گورزێک لە هێزەکانی حکومەت بوەشێنن و هێزی شۆڕشی کوردستان ئاگادار بکەنەوە و بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە.
لە یەکێک لە شەوانی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨١، کاتێک هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە ڕێکخراوەکە هەموو زانیارییەکانیان کۆکردەوە، کاتی جێبەجێکردنی پلانەکەیان هات. هێزەکە لە ٢٠ پێشمەرگە پێکهاتبوو، چەکی سەرەکییان بریتی بوو لە موشەکهاوێژێکی ئار پی جی و تۆپێکی ٥٧ ملم لە دواوە وەک هێزی پشتیوانی بۆ پاراستن و سەرلێشێواندنی ڕەبایە دراوسێکان تاوەکو ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی دێت، هەر کە ئامادەکارییەکان تەواو بوون هێزەکانی پێشمەرگە بە پلانێکی تۆکمە نزیکبوونەوە لە ڕەبایەکان و هێرشیان کردە سەریان، بە بەکارهێنانی قاذفەی ئار پی جی و چەکی سووک ئاژاوەیان دروستکرد و بە خێرایی دەستیان بەسەردا گرت، ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرباز و دەستبەسەرداگرتنی هەموو چەک و کەرەستە سەربازییەکانی ناوی، لەوانە ٩ چەکی سووک و ١٠ سندوق تەقەمەنی و هاوەنێکی ٦٠ ملم و بڕێکی زۆر بۆمبی دەستی و کەرەستەی سەربازی دیکە.
دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە پلانەکەیان جێبەجێکرد و ئەوەی گرنگ بوو ئەنجامیاندا، کۆبوونەوە و کشانەوە، بەڵام کاتێک حکومەت بە ڕووداوەکەی زانی وەک هەمیشە ناوچەکە و ڕێگای گەیشتن بە ناوچە ئازادکراوەکانی تۆپباران کرد، بەڵام پێشمەرگە بە سەلامەتی لێی دەرچوون، دوای ڕۆژێک لە دەستبەسەرداگرتنی ڕەبایە ناوبراوەکان، بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی مەودا دوور لە دۆشکە و هاوەن هێرشیان کردە سەر فەوجی سەربازی جەقلا و ڕەبایەکانی دەوروبەری، و بۆ ماوەیەکی کورت بنکە سەربازییەکانیان تۆپباران کرد و زیانی زۆریان بە هێزەکانی دوژمن گەیاند، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە سەربازانی ڕژێمی بەعس.
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، (چاپخانەی ڕوکسانا- ٢٠٢١).
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گوڵانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ- زاخۆ- ٢٠٠٧).
٣- دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – کۆنگرە و کۆنفرانس (پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ)، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، (چاپخانەی ڕۆژهەڵات- ٢٠٢١).


