سوپاى عێراق بەیانی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ هێرشەکەی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردستان دەست پێکرد و هەموو تواناکانی خۆی لە گۆڕەپانی شەڕدا بەکارهێنا و ئامانجیشی پێشڕەویکردن بوو بۆ داگیرکردنی سەرجەم خاکی کوردستان. بەشێک لە هێزەکان ویستیان لە ٢٥ی نیسانی ١٩٧٤ بەرەو سەنگاو بچن و کۆنترۆڵی بکەن پێش گەیشتن بە چەمچەماڵ لە ڕێگەی کەرکووک - سلێمانی، یەکەکانی ئەم هێزە پێکهاتبوون لە فەوجی دووەمی لیوای چوارەمی سەر بە فیرقەی دووەم - کەرکووک بە هاوکاری کەتایبی تانکەکان کە پێشڕەوییان دەکرد، سوپاى عێراق ئاگادار نەبوو کە پێشمەرگەی فەوجی یەکەمی لیوای دووەمی کەرکووک بە هەموو ئازایەتی و ورەیەکی زۆرەوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی شیوەسۆر سەنگەریان گرتبوو و لە دۆخێکی بەرگری پتەودا بوون، وەک دیوارێکی پۆڵایین لە بەرامبەر پێشڕەویی هێزەکانی عێراق وەستابوون، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە مینەکانی دژە مرۆڤ و دژە تانکیان لە بەرامبەر سوپاى عێراق چاندبوو، کاتێک شەڕەکە دەستی پێکرد ژمارەیەک تانکی سوپاى عێراق تێکشکێنران، لەم کاتەدا موقەدەم روکن زیاەدین جەمال فەرماندەی فەوجی دووەم فەرمانی دا کە پێشڕەویی تانکەکان لە پێشەوە ڕابگیرێت تەنها لە حاڵەتی پێویست نەبێت.
کاتێک هێزەکانی پیادەی سوپا بەردەوام بوون لە پێشڕەوی، لەناکاو کەوتنە بەر تەقەی تفەنگ و مینەکانی پێشمەرگە، دوای هەشت کاتژمێر لە شەڕی بەردەوام سوپاى عێراق تووشی زیانی زۆر بوو لە بەرامبەر بەرگریی هێزی پێشمەرگە. زیانە گیانییەکانی کوژرانی دەیان سەرباز و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە بوو، لە نێو کوژراوەکاندا پاسەوانی تایبەتی فەرماندەی فەوجەکە هەبوو، زیانە ماددییەکانیش بریتی بوون لە تێکشکاندنی شەش تانک و سێ زرێپۆش و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی. هەروەها بڕێکی زۆر چەکی سووک و مامناوەند دەستی بەسەردا گیرا.
سەرچاوەکان:
-
سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو: ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٢.
-
کاروان جەوهەر محەمەد: ئیدریس بارزانی ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


