دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئاگربەست لە نێوان حکوومەتی عێراق و شۆڕشی ئەیلوول، ڕژێمی عەبدولسەلام عارف لە بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنی ئاگربەست پاشگەز بووەوە، لە کۆتایی ئاداری ساڵی ١٩٦٥ جارێکی تر شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند، چونکە ڕژێم پێی وابوو دابەشبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی کورد کاتێکی گونجاوە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش و پەلامارەکان، ئەوەش دەرفەتی سەرکەوتنیان زیاد دەکات. لە پایزی ساڵی ١٩٦٥ سوپاى عێراق هێرشێکی گەورەی کردە سەر چیاکانی بنێ هەریر و زینەتیر، شەڕێکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری سەرباز و چەکدارانی بەکرێگیراو.
لەو شەڕەدا، تۆپخانەی شۆڕش ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبوو لە تۆپبارانکردنی هێزەکانی عێراق، بەتایبەت کەمپ و سەربازگەکانی دەشتی هەریر بە بەکارهێنانی تۆپی ٢٥ پاوەندی، کە ئەفسەری تۆپخانەی شۆڕش ملازم خدر عەبدوڵڵا دەباغ سەرپەرشتی دەکرد، تۆپخانەکە توانی زیانی زۆر بە سوپاى عێراق بگەیەنێت و ئاژاوەیەکی زۆر لە سەربازگەکانیاندا دروست بکات. ئەوەش لە ستایش و پێزانینی فەرماندەی پێشمهرگه یونس ڕۆژبەیانی لە بەرەی شەڕدا دیار بوو، کە بە بێتەل سوپاسی کردن و پیرۆزبایی ئاستەکەیانی لێ کردن.
ساڵی ١٩٦٥ و ساڵی دوای ئەو لە سەختترین ساڵەکانی تەمەنی شۆڕش بوون، چونکە شاهیدی چەندین شەڕی سەخت بوون و سەرکەوتنی مەزنی تێدا بەدەستهات، لە هەمان ساڵدا، سەرکردایەتی شۆڕش لە ناوچەی پشدەرەوە گواسترایەوە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی تا کاتی نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، بۆیە حکوومەت زۆربەی هێز و وزە و قورسایی هێرشە وشکانی و ئاسمانییەکانی خۆی ئاراستەی ئەو ناوچەیە کرد، بە مەبەستی گەیشتن بە سەرکردایەتی شۆڕش بە خێراترین کات و بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەریدا، و بەو پێیەش شکستپێهێنانی لە داهاتوویەکی نزیکدا.
دیارە ئەو شەڕانەی لەو ماوەیەدا ڕوویاندا بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوام بوون، بێ ئەوەی حکوومەت بتوانێت سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت، هەرچەندە توانی کۆنترۆڵی هەندێک شار و شارۆچکە بکات، بەڵام ناوچە شاخاوییەکان بۆ هێزی پێشمهرگه گونجاوتر بوون بۆ بەرگری، توانییان زیانی زۆر بە هێزەکانی حکوومەت بگەیەنن، ئەوەش بوو کە ڕوویدا، بە گشتی، سوپاى عێراق زیانی گەورەی لەو شەڕانەدا بەرکەوت، تەرمی چەندین ئەفسەر و سەرباز لە مەیدانی شەڕدا بەجێهێڵران، هەروەها دەیان پارچە چەکی جۆراوجۆر کەوتە دەستی هێزی پێشمهرگه، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی حکوومەت ناچار بێت ژمارەی سەرباز و کەرەستە سەربازییەکان لە بەرەی شەڕدا زیاد بکات.
سەرچاوەکان:١- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین- هەولێر – ٢٠١٢).
٢- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم، ( هەولێر- ٢٠٠٤).
٣- ملازم خدر عەبدوڵڵا دەباغ، تۆپخانەى شۆڕشى ئەیلوولى مەزن، چاپى سێیەم، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- هەولێڕ- ٢٠٢٠).
٤- کاروان جەوهەر محەمەد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).


