پاش ئه‌وه‌ی كه‌ كۆماری كوردستان تووشی نسكۆ ده‌بێت و هێزی بارزانییه‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مستەفا بارزانی، بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، له‌ ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ تووشی ژماره‌یه‌ك شه‌ڕ و پێكدادان له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپای ئێران و هۆزه‌ كورد و توركه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت ده‌بنه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕ و به‌رگریانه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ بارزانییه‌كان شه‌هید و بریندار ده‌بن و له‌ لایه‌كی دیكه‌یش ده‌توانن زیانێكی زۆر به‌ هێزی ئێران بگه‌ینن. دوای ده‌ركردن بڕیاری شه‌ڕكردن له‌ گه‌ڵ بارزانییه‌كان، سوپای ئێران ده‌توانێت له‌ ١٥ی ئاداری ١٩٤٧ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هێزی پیاده‌ی قه‌ره‌پاپاخ و سه‌ربازانی هێزی كرماشان به‌ بێ شه‌ڕكردن به‌رزاییه‌كانی قه‌ڵای خان تاووس داگیر بكات و ئه‌و داگیركردنه‌يه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سوپای ئێران سوود له‌ گرنگی ئه‌و شوێنه‌ وه‌ربگرێت و له‌ كاتژمێر ١١ی به‌یانی به‌ یارمه‌تی هێزی تۆپخانه‌ ناوچه‌ی وه‌زنەیش له‌ لایه‌ن سوپای ئێران داگیر ده‌كرێت.

 له‌و ده‌مه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی بارزانی كه‌ له‌ دربه‌ندی شه‌یتان ئاباد بوون ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌ و له‌ لای به‌رزاییه‌كانی وه‌زنه‌ بۆ لای قه‌ڵای خان تاووس ده‌كه‌ونه‌ ڕێ و له‌وێ په‌لاماری هێزی ئێران و توركه‌كانی هۆزی قه‌ره‌پاپاخ ده‌ده‌ن و ده‌یانشكێنن و ده‌توانن چه‌ند كه‌سێكیان لێ بكوژن و بریندار بكه‌ن كه‌ یه‌كێكیان فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی ئێران به‌ ناوی تیموری بووه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و دلاوه‌رییه‌ی كه‌ هێزی بارزانی له‌و شه‌ڕه‌ نواندی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هێزی یارمه‌تی‌ پێكهاتبوو له‌ لقی ٣ی به‌تالیۆنی كه‌بیری به‌ فه‌رمانده‌یی ملازمی یه‌كه‌م ناسری پوور بۆ سه‌ربازه‌ ئێرانییه‌كان ده‌گاته‌ وه‌زنه‌ و قه‌ڵای خان تاووس و هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌و تۆپبارانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن سوپای ئێران ده‌كرایه‌ سه‌ر هێزی بارزانی، ئه‌و چه‌كدارانه‌ بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بۆ به‌رزاییه‌كانی پیرناسر و گوندی دەربەند پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها قه‌ڵای چواربتیش ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی ئه‌و هۆزانه‌ی كه‌ یارمه‌تی هێزی ده‌وڵه‌تیان ده‌دا.

له‌ درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو، به‌شێك له‌ هێزی ئێران به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رهه‌نگ ئه‌نساری هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گوندی قه‌ڵاتان و له‌و شه‌ڕه‌یش هێزی ئێران تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆردومانه‌ سوڵتان ئاغا‌ برای حه‌مەد ئاغای مێرگه‌سۆری شه‌هید ده‌بێت. به‌ داگیركردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر شنۆ و گونده‌كانی ده‌شتی شنۆ كه‌ بارزانییه‌كان تێیدابوون دروست ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌كان:

١- حسین علی رزم آرا، فرهنگ جغرافیایی ایران(آبادیها)استان 3و4آذربایجان،تهران، انتشارات دایره‌ جغرافیایی ستاد ارتش،1330.

٢- عه‌باس غه‌زالی میرخان،له‌ مه‌هاباده‌وه‌ تا  گاده‌ر،هه‌ولێر،چاپخانه‌ی مناره‌،چاپی دووه‌م،2007.

٣- سپهبد محمد كاظمی.سرهنگ 2ستاد منوچهر البرز،تاریخ پنجاه ساله‌ نیروی زمینی شاهنشاهی ایران،تهران،2535.

٤- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی،بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌ ساڵانی(1943-1977)، سلێمانی،چاپخانه‌ی ڕه‌هه‌ند،2002.

 

[1] - شه‌یتان ئاباد:ceytan-abadگوندێك له‌ میردێی دۆل له‌ ناحیه‌ی سنووری شاری ڕزائیه‌، ده‌كه‌وێته‌ دوری 46 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕزائیه‌-5/2كیلۆمه‌تری ڕۆژئاوای ڕێگای ڕزائیه‌ بۆ مه‌هاباد،له‌ بناری چیایه‌،دانیشتوانی توركن.

[2] - چواربت: cahar-botگوندیك له‌ میردیی سنوری ناحیه‌ی شنۆ له‌ شاری ڕزائیه‌، ده‌كه‌وێته‌ دوری 5/16 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی شنۆ-5/8 كێلۆمه‌تری باشوری ڕێگای شنۆ بۆ نه‌غه‌ده‌، ناوچه‌یه‌كی كوێستانییه‌ وكه‌ش و هه‌وایه‌كی ساردی هه‌یه‌ و دانیشتوانی كورده‌.