باسەڕێ گوندێکی کوردستانە لە ناحیەی خدران لە قەزای دوکان و لە بناری چیای کۆسرەتە، وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان، ئەو ناوچەیەش لەلایەن سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەوردرابوو، بوونی فەوجێکی سوپای عێراق لەو ناوچەیە بە تەواوی وێرانکەر بوو و خاڵە سەربازییەکانیش کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ژیانی گوندنشینان و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە هەبوو، هەروەها بەربەستێکی گەورەش بوون لەبەردەم شۆڕش و بزووتنەوەی پێشمهرگه، لە ساڵی ١٩٨٧دا بەهۆی ئاڵۆزیی ناو ڕیزەکانی سوپا و هێزەکانی حکومەتەوە کرانەوەیەکی بەرفراوان بۆ چالاکییەکانی پێشمهرگه هاتە ئاراوە، لە زۆر ناوچەی کوردستان ڕۆژانە کۆمەڵێک هێزی پێشمهرگه هێرشیان دەکردە سەر هێزە چەکدارەکانی حکومەت و زیانێکی گەورەیان بە گیان و ماڵیان گەیاند.
یەکێک لە چالاکییەکانی پێشمهرگه شەڕی باسەڕێیە کە شەوی ٢٧/٢٨ی تەمموزی ١٩٨٧ ڕوویدا، کاتێک هێزی پێشمهرگهی لقەکانی سێ و چواری پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) بە پلانێکی سەربازیی بەهێز هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر کەتایبی باسەڕێ ئەنجام دا بە نیاز و چالاکیی پارتیزانی و زیان گەیاندن بە هێزەکانی حکومەت، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمهرگه بە پلان و ئامادەکارییەوە هێرشەکەیان ئەنجام دا، توانیان لە ماوەیەکی کەمدا فەوجەکە بگرن و تێکی بشکێنن، لە کۆتاییدا هێزەکانی حکومەت گورزی قورسیان بەرکەوت و ١٥٢ سەرباز کوژران، ٧٠ سەربازی تریش بە دیل گیران، بارەگای سەرەکیی فەوجەکە و هەموو سەنگەرە سەربازییەکان ڕووخێنران و ژمارەیەکی زۆر چەک، تەقەمەنی، کەرەستە و ئامێری سەربازی کەوتنە دەست هێزی پێشمهرگه، لە تۆمارکردنی ئەو داستانەدا ٢ پێشمهرگه شەهید بوون.
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆخانا، ٢٠٢١.
-
شیمال زێباری: چەند ڕاستییەکی شاردراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.


