باسەرە ئاواییەکى کوردستانە لە سنوورى ناحیەى خدرانى سەربە قەزاى دوکان کەوتۆتە بنارى چیاى کۆسرەت([1])، دیارە ئەو ناوچەیەش وەکو سەرجەم ناوچەکانى دیکەى کوردستان بە سوپا و هێزە چەکداریەکانى حکومەتى عێراق تەنرابوو، بوونى فەوجێکى سوپاى عێراق لە ناوچەکە بە تەواوى ڕەبایە و خاڵە سەربازیەکان تا ڕادەیەکى زۆر کاریگەرى نەرێنى مەترسى لەسەر کار و گوزەرانى ئاوایی و دانیشتوانى ناوچەکە هەبوو، هەروەها بەربەستێکى گەورەش بوون لەبەر دەم شۆڕش و جموجۆڵى پێشمەرگە، ساڵى ١٩٨٧ کرانەوەیەکى فراوان بەڕووى چالاکیەکانى پێشمەرگە لە ئارادا هەبوو بە هۆى شلۆقى ڕیزەکانى سوپا و هێزەکانى حکومەت، لە زۆرێک ناوچە جیاوازەکانى کوردستان ڕۆژانە دەستە و تاقمى هێزى پێشمەرگە بەرەنگارى هێزە چەکداریەکانى حکومەت دەبوونەوە گورزیان لێ دەوەشاندن و زیانى گیانى و ماددی گەورەیان پێ دەگەیاندن([2]).  

       یەکێک لە چالاکیەکانى پێشمەرگە شەڕی باسەرەیە کە لە شەوى ٢٧/٢٨ى تەمموزى ١٩٨٧ ڕوویدا، کاتێ کە هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە هەردوو لقى سێ و چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان بە پلانێکى سەربازى توکمە هێرشێکى گەورەو بەر بڵاویان کردە سەر فەوجى باسەرە بە نیازى لێدان و ئەنجامدانى چالاکى پارتیزانى و پێگەیاندنى زیان بە هێزەکانى حکومەت، لەبەر ئەوەى هێزى پێشمەرگە بە پلانێکى داڕێژراو و ئامادەکارى تەواو هێرشەکەیان ئەنجامدا توانیان لە ماوەیەکى کورتدا دەست بەسەر فەوجەکەدا بگرن و تێکیان بشکێنن، لە کۆتاییدا زیانێکى گەورە بەر هێزە سەربازیەکانى حکومەت کەوت کە بریتى بوو لە کوژرانى ١٥٢ سەرباز، هەروەها بە دیل گیرانى ٧٠ سەربازى تر، بارەگاى فەوج و سەرجەم ڕەبایەکان و خاڵە سەربازیەکان تێک و پێک دران و برێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەل و پەل و تفاقى سەربازى کەوتە دەستى هێزى پێشمەرگە، لە تۆمارکردنى ئەو داستانەدا زایانەکانى شۆڕش بریتى بوون لە شەهید بوونى دوو پێشمەرگە([3]).                

 سەرچاوەکان:
  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وە‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوارە‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووەم، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
  2. گوندى باسەرە https://www.youtube.com/watch?v=Z2q7MXQmq_0
  3. شیمال زێباری: هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥.

[1] - گوندى باسەرە  https://www.youtube.com/watch?v=Z2q7MXQmq_0

[2] - شیمال زێباری: هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥، ل ٣٥٦- ٤٠٣.

[3] - مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وە‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوارە‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووەم، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل ٧١.