لە ساڵی 1920 لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ئەوەی چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی 1952 لە پەیمانگای مامۆستایانی زانکۆی تاشکەند وەرگیرا، پاشان دوو ساڵ لە شاری ڕۆسۆژ میکانیکی خوێند، هەر لە یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ ڤالیا میخایلۆڤ هاوسەرگیری کرد و کوڕێکیان هەبوو بە ناوی حەسەن سیامەند، مامۆستای زمانی ڕووسی بوو لە زانکۆی شاری بهغدا و لە کۆلێژی سەربازی لە شاری بهغدا چارەسەری پزیشکی پێشکەش بە ئەفسەرانی عێراقی دەکرد.
خەباتنامەلە 22ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قەتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و پاش زۆر ماندووبوون و ناخۆشی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنوورهکانی ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ ناو یەکێتیی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەوروبەری بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێ دا.
لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و ناخۆشییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای هەموارکردنی ژمارە 19ی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبوردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو و بەشداری چەند شەڕێک بوو، لە 3ی ئاداری 1963 لە شاری بهغداوە دەچێتە سلێمانی و لە ساڵی 1964 دوای کۆنفرانسی سەربازی لە ڕانیە دەچێتە کەرکووک و لە چەمچەماڵ و تووزخورماتوو دەبێتە فەرماندەی سوپای ئەو ناوچەیە، لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول دا فەرماندەی بەتالیۆنی 9ی هێزی قەرەداغ بوو، ناوبراو لەگەڵ عومەر شەریف و مەلکۆ زێرۆ لەلایەن ڕەئیس کەمالەوە گیرا، لە ساڵی 1966 لە چەرمەگا شەهید بووە.
سەرچاوە:- هەڤپەیڤین لەگەڵ گۆڤاری ماتین، هاوڕێی بارزانی عەزیز قازی بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەشی 2، گۆڤاری ماتین، لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە 48، خولی سێیەم، دهۆک، چاپخانەی هاوار، 02.12.1996.
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
- شەوکەت شێخ یەزدین، جەژنی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانەی خەبات - 1996).
- شێرزاد عەبدولڕەحمان، ژیان و بەرخودانی د. سەعید ئەحمەد نادر، کە مێژووەکەی سەروەری نیشان دەدات، وەشانی برایەتی، (هەولێر، چاپخانەی ڕۆشنبیری، 1997).
- ساڵح یوسف سۆفی، کرۆنۆلۆژیای کوردستان و جیهان، چاپی یەکەم، بەرگی 2، (دهۆک - چاپخانەی پارێزگای دهۆک - 2013).
- عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیر بۆ ژیان و تێکۆشانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی 2، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزانی لەنێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
- عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - وەشانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
- محەمەد تۆفیق وێردی، چوونی بارزانییە قارەمانەکان بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 2، (هەولێر - چاپخانەی هاوسەر - 2001).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1961-1975، بەرگی III، بەشی I، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2004).
- ناجی تەها بەرواری هاوڕێی بارزانی عەزیز قازی بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەشی 3، گۆڤاری ماتین، لقی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە 49، خولی سێیەم، دهۆک، چاپخانەی هاوار، شوباتی 1996.
- نەجەف قوڵی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1، (پیرمام - جەژنی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - 1996).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


