ژیاننامە
لە ساڵی ١٩١٥ لە گوندی بارزان لە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٢ لەگەڵ خێزانەکەی بوون بە کۆچبەر بۆ تورکیا. پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤێت هاوسەرگیری کردووە، ناوی هاوسەرەکەی بوک عایش حەسەن فەرز بووە و دوو کچ و کوڕێکیان هەبووە بە ناوەکانی: زەهرا، زەکیا و خالید. شارەزایی لە هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی هەبووە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی بارزان کۆچی دوایی کردووە و لەوێ بە خاک سپێردراوە. لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣، لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکاندا کوڕەکەی خالید لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە کۆمەڵگەی قوشتەپە بێسەروشوێن کراوە.
بیرەوەری خەبات
لە ساڵی ١٩٤٣ چووەتە ڕێزەکان شۆڕشی دووەمی بارزان و بەشداری لە شەڕەکانی کردووە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای سه‌ربازی عێراق، سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە. دوای شکستی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ بووە بە پێشمه‌رگه لە هێزەکانی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان و بەشداری لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان کردووە.
یەکێک بووە لەو پێشمه‌رگانەی کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگەی خاکی باکووری کوردستانەوە (دەشتەکانی خواکورک و بارازاگرەوا) گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوڕێکانی کردووە و ڕێگەی پێداون بڕیار بدەن بمێننەوە یان بچنە یەکێتی سۆڤێت، کە هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان داوە بەردەوام بن و بچنە یەکێتی سۆڤێت. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤێت و بەشداری لە شەڕی ڕووباری قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ کردووە. ڕووباری ئاراسی پەڕاندووەتەوە بۆ ناو یەکێتی سۆڤێت کە دەکەوێتە سەر سنوور لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤێت.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤێت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لەگەڵ سەرجەم هاوڕێکانی بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە شاری نەخچەوان لە کۆماری ئازەربایجان لە کۆمەڵگەیەکی چۆڵکراو کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو جێگیر کراون و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی کراون و سەبارەت بە خۆراک، جلوبەرگ و هاتوچۆ وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. دواتر بە بڕیاری حکومەتی سۆڤێت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایۆلا و کەلبەجەر لە ئازەربایجان دابەش کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی ئازەربایجان، باک‌و، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر لەژێر چاودێری ئەفسەرانی ئازەربایجانی مەشقیان پێکراوە. لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوڕێ خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردی‌یان پێوتراوە.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بارزانی بڕیار دەدات کەمپە سەربازییەکەی لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچیک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامی بە مەشقە سەربازییەکانیان دەدەن.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوڕێکانی بە شێوەی گروپ و یەکە بە شەمەندەفەر بەسەر گوندەکانی یەکێتی سۆڤێتدا دابەش کراون و لە کێڵگە کۆلخۆزییەکاندا (زەوی کە خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان پشکی حکومەتیان دەدایەوە) کاریان کردووە.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەستی ستالین کە تێیدا بارزانی باسی کێشەی هاوڕێکانی دەکات و ستالین دەستبەجێ بڕیار دەدات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی پێکبهێنێت، دواجار بڕیاری لیژنەکە ئەوە بووە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکەنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤسکی سۆڤێت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، بەپێی هەردوو ماددەی سێ و حەوت و بڕگەی (الف)ی ماددەی دە، و کارکردن بە ماددەی ١١، بەپێی یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٩ی ساڵی ١٩٥٩، ئەو و هاوڕێکانی کەوتنە بەر لێبوردنی گشتی.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گرۆزا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری عێراق گەڕایەوە کوردستان. لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلول کردووە و تا کاتی مردنی بەشداری لە شەڕەکانی کردووە.
سەرچاوەکان:
-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانی‌یان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژووی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
-
عومه‌ر هه‌مزه ساڵح، جینۆساید و تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژی بارزانییه‌كان ١٩٧٥ - ١٩٩١ له زمانی شایتحاڵ و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٧ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-١٠، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-١٦٦، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی سلێمان شەریف مه‌لا حه‌سه‌ن بایزدین، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره ١٩٦-ZB، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عوبه‌ید خالد سلێمان له‌لایه‌ن سامی عه‌بدی، پیرمام، ٢٥ شوباتی ٢٠٢٠ز.


