سلێمان ئیسماعیل جیهانگیر، لە ساڵی 1927 لە گوندی بۆتیا لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. لە ساڵی 1959 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی 1961 لە سنووری لێژنەی ناوچەی دهۆک لە لقی یەک (1) بووە کادیر. لە ساڵی 1967 پلەی سەرقولی پێشمەرگەکانی لێژنەی ناوچەی دهۆکی وەرگرتووە. لە ساڵی 1975 پاش شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە گوندەکەی خۆی و لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە بۆ شاری دیوانییە لە باشووری عێراق دوورخراوەتەوە. لە ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە ناو ڕیزەکانی شۆڕش و هەتا ساڵێک لە لێژنەی ناوچەی دهۆک کادیر بووە و پاشان بووە بە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئامێدی.
لە ساڵی 1983 کوڕێکی بە ناوی مەجید سلێمان کە بەرپرسی ڕێکخستنی نهێنی جودی بوو شەهید کراوە. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1987 کوڕێکی تری بە ناوی محەمەد ساڵح سلێمان کە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئامێدی بوو لە شەڕی کانی ماسێی پارێزگای دهۆک شەهید بوو. لە ساڵی 1988 لە کاتی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی ناوچەی بادینان، کوڕی سێیەمی بە ناوی فەخری سلێمان کە پێشمەرگەی لێژنەی ناوچەی دهۆک بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تر لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە دەستگیر کراوە و پاشان شەهید کراوە. لە هەمان ساڵدا سلێمان ئیسماعیل لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ کۆمەڵگەی جەژنیکان لە نزیک بەحیرکە لە پارێزگای هەولێر دوورخراوەتەوە. لە ساڵی 1990 گەڕاوەتەوە پارێزگای دهۆک. لە ساڵی 1991 لە ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە ڕاپەڕینی گوندی مالتا لە پارێزگای دهۆک ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. لەبەر ئەوە دووبارە پلەی کادیری لێژنەی ناوچەی دهۆکی لە لقی یەک (1) وەرگرتووە. لە کۆنگرەی سێزدەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 2010 لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی وەرگرتووە.
سەرچاوە:1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


