ناحیەی بامەڕنێ دەکەوێتە بناری چیای مەتین لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دا شەڕی گەورەی لێ کراوە، بەناوبانگترینیان شەڕی چیای مەتین بوو، دیارە ئەم داستانە و زۆر داستانی دیکە ڕۆڵێکی گەورەیان لە نەخشاندنی لاپەڕەکانی مێژوودا گێڕاوە بەو شەڕ و قارەمانێتییەی کە لەلایەن هێزی پێشمه‌رگه‌وە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تۆمار کراوە.

بەردەوامیی تێکۆشان لە شۆڕشی گوڵان دا چالاکییەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەوڵەتی خستە نێو دڵەڕاوکێوە، بە ڕێبازی پارتیزانی توانییان گورزی کوشندە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی بەعس بوەشێنن، داستانی بامەڕنێ یەکێکە لە هەنگاوەکانی پێشمەرگە دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای عێراق لە دەڤەری بامەڕنێ کە شەوی ٢٦-٢٧ی ئایاری ١٩٨٧، هێزی پێشمه‌رگه‌کانی کۆمیتەکانی ئامێدی، دهۆک، شێخان و هێزەکانی پاراستنی نەتەوەیی هێرشیان ئەنجام دا.

هەرچەندە هێرشی پێشمەرگە بەهۆی کشانەوەی ئەو چەتانەی کە بەڵێنی هاوکارییان دابوو، شەوێک دواخرا، بەڵام دواتر بە پلانێکی سەربازیی بەرفراوان هێرش کرایە سەر بارەگاکانی سوپای عێراق لە ناوچەکە و لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر ١٣ سەنگەر، فڕۆکەخانەی بامەڕنێ، ناوەندی تاپۆری پاراستنی سنوور و تاپۆری ١٤٠دا گیرا، سوپای عێراق گورزی قورسی بەرکەوت و زیاتر لە ١٠٠ سەرباز کوژران و ٥٨ سەربازیش دیل کران، دەستکەوتەکانی شەڕیش بریتی بوون لە زیاتر لە ٢١٥ پارچە چەکی جۆراوجۆر و زیاتر لە ٢٠١٥٠ فیشەکی جیاواز، دیارە هێزی پێشمه‌رگه‌ش بێ زیان نەبوون کە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی فەوزی ڕەمەزان ڕەشۆ سکێرینی و عەبدولستار ساڵح موراد شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەش بریندار بوون.

لەو هێرشەدا لە ناوەندی تاپۆرەکەدا دەست بەسەر ٣٢ هەزار دیناردا گیرا، پێشمەرگە و بەرپرسان دەستبەجێ هەستانە سەر پێ و ئەو پارەیەیان پێشکەش بە کەسوکاری شەهیدان کرد، دیارە سەرکەوتنی ئەم داستانە و گورزی بەهێز لە دامەزراوە سەربازییەکانی حکوومەت بووە مۆراڵێکی گەورە بۆ شۆڕش و هێزی پێشمه‌رگه‌، پەیامێکی بەهێزیش بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە شۆڕش بەردەوامە و دەتوانێت لە هەر شوێنێک بیەوێت ئۆپەراسیۆنی گەورە ئەنجام بدات.

سەرچاوە:
  1. https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=20081218012640829
  1. هۆژین مەسعود سارنی، شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری بادینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠١٨.
  2. بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤ ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان بەشی ٢ چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.