خورشید سەلیم شێرە، بە ناوی خورشید شێرە ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥٤دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٥٤دا وەک کادیرێکی چالاکی جوتیارانی دەشتی هەولێر چالاکیی ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٩٥٨ بەرپرسی هێڵی سەربازیی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ چەندین پۆستی کارگێڕیی لە کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەرگرتووە وەک بەڕێوەبەری گشتی و پارێزگار و هتد. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە.

 

ژیاننامە

خورشید شێرە، لە ساڵی ١٩٣٨دا لە هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٥٣ قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ مامز خدر پیرۆت شێرە پێکهێناوە و لە ساڵی ١٩٦٣ دایک و هاوسەرەکەی لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی عێراقەوە دەستبەسەر کراون و کوڕە دووەمیان لە بەندیخانەی هەولێردا لەدایک بووە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢ و لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ و لە کابینەی دووەمدا بووە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی (١٩٩٤ - ١٩٩٦) پارێزگاری هەولێر بووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە کابینەی چوارەمدا بە بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەندامی خولی دووەمی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. شارەزای هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.

خەباتنامە

خورشید شێرە لە ساڵی ١٩٥٨دا بەرپرسی هێڵی سەربازیی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان بووە. ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکانی پێنجەم ١٩٦٠ و شەشەم ١٩٦٤ و حەوتەم ١٩٦٦ و هەشتەم ١٩٧٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و بەشداریی کۆنگرەکانی کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٦٢دا بە زانیارییەکانی ئەو، کە لە ڕیزەکانی سوپای عێراقدا بوو، بەتالیۆنی دووی لیوای سێی سوپای عێراق لە گەلیی زاخۆ کەوتە بۆسەی هێزەکانی پێشمه‌رگه و لەناوبران و هەمان ساڵ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و بەشداریی شەڕی چیای بالیسان و شەڕی کۆسپی سپی و شەڕی دووەمی سەفین لە سنووری پارێزگای هەولێر و شەڕی قەرەداغ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دژی هێزەکانی سوپای عێراق کردووە و لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٣ لە لقی ئاسۆس لە بەتالیۆنی یەکی هێزی کاوە بووە سەرلق.

 

لە ساڵی ١٩٦٥دا بەرپرسی لێژنەی ناوچەی کۆیە سەر بە لێژنەی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و هەمان ساڵ بووە ئەندامی کارمەندانی شەشەمی لێژنەی لقی دوو و بە کارگێڕی لێژنەی لق دەستنیشان کراوە.

 

لە ساڵی ١٩٦٥دا بەشداریی لە داستانەی سەفیندا کردووە و بریندار بووە و هەمان ساڵ یەکێک بووە لەو فەرماندەیانەی شەڕی شەش قۆڵی (شەڕی شەڕخە) لە دەڤەری کۆیە کە بەرامبەر بە سوپای عێراق سەرکەوتنیان تۆمار کردووە و بەشداریی شەڕی دەشتی هەولێر و داستانەی دووەمی سەفین و شەڕی بێستانەی کردووە.

 

هەتا شکستی شۆڕشی ئەیلوول بە کارگێڕی لق ماوەتەوە و لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری ئێران بووە. لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە و بە بەرپرسی لێژنەی لقی دوو دەستنیشان کراوە.

 

لە ساڵی ١٩٨٩ ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە لەو فەرماندەیانەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان کە گەیشتووەتە دەڤەری پشدەر و بەشداریی ئازادکردنی شارۆچکەی ڕانیە و شارۆچکەی کۆیە و هەولێری کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢ و لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ بە سەرۆکی لێژنەی کارگێڕیی کۆنگرەی یانزەهەمی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٩٤ بووە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ساڵانی (١٩٩٤ - ١٩٩٦)دا پارێزگاری هەولێر بووە.

 

لە ساڵی ١٩٩٩دا نوێنەری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر بووە و لەبەر خەباتەکەی لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و قۆناغی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەریدا، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٠ لە کابینەی چوارەمدا بە بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە ئەندامی خولی دووەمی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردراوە و لەو کاتەدا بووە ئەندامی چەندین لێژنەی جیاوازی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٠دا نوێنەری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر بووە.

 

بەرهەمەکانی:

خەبات و خوێن بیرەوەرییەکانی ساڵانی خەباتی پێشمه‌رگایه‌تی ٢٠٠٦.


 

سەرچاوە:

١- ئەسەد ئێدۆ، شەڕی شەش قۆڵی یان شەڕی شەڕخە، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ١٧٦٥ هەولێر، شەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣.

٢- عەلی سەنجاری، القضیة الکردیة والحزب البعث العربي الاشتراکی في العراق، الجزء الثالث، (دهۆک - مەتبەعەی خانی ٢٠١٢).

٣- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لەنێوان ساڵانی (١٩٥٨ - ١٩٦٣) لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەوشی سیاسی، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات ٢٠١٢).

٤- شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لەنێوان ساڵانی ١٩٦٣ - ١٩٧٠ لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە ڕەوشی سیاسی، (هەولێر - چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین ٢٠١٦).

٥- ئاری فارووق حەسەن نانەکەلی، دامەزراوەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول لەنێوان ساڵانی ١٩٦١ - ١٩٧٥، (هەولێر - چاپخانەی ڕەوزە ٢٠١٢).

٦- جەمال مورتکە، چیا خۆی دەنووسێتەوە، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی هێڤی، ٢٠١٢).

٧- ئەحمەد شەریف لەک، شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بەرگی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٩).

٨- حەمید گەوهەری، مەدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان، بەرگی دووەم، (هەولێر - دەزگای خێرخوازیی بارزانی - چاپخانەی حاجی هاشم ٢٠١٥).

٩- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣ (دهۆک - چاپخانەی خەبات ١٩٩٨).

١٠- خورشید شێرە، ئێمە پێشمه‌رگایەتیمان دەکرد بۆ ئەوەی ئێمە بمرین و میللەت بژی، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژمارە ١٥٣١ هەولێر، دووشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٠٤.

١١- خورشید شێرە، خەبات و خوێن بیرەوەرییەکانی ساڵانی خەباتی پێشمه‌رگایەتی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم ٢٠١٥).

١٢- عەلی کەمال بەرزنجی، کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە سەدەی بیستەم، بەرگی یەکەم، (هەولێر - پڕۆژەی بەرزنجی - چاپخانەی زانکۆ ١٩٩٩).

١٣- فاتیح ڕەسووڵ، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی خەباتی گەلی کورد، بەرگی یەکەم، (سوید - چاپخانەی هەڵەبجە ١٩٩١).

١٤- کەیفی هادی، بیرەوەرییەکانی خۆی لەبارەی دەستپێکی خەبات و کاری پێشمه‌رگایەتی بۆ خوێنەرانی گۆڤارەکەمان دەگێڕێتەوە. گۆڤاری دێرین، ئۆرگانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی لێژنەی لقی دووی هەولێر، ژمارە ١، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، شەممە، ٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥.

١٥- مەلا شاخی، ڕاپەڕین و ڕزگاریی کەرکووک، چاپی دووەم، (کەرکووک - چاپخانەی شەهید ئازاد هەورامی ٢٠١٢).

١٦- هەڤاڵ گوڵا باخ بەشێک لە داستانەکانی ڕاپەڕین دەگێڕێتەوە، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ١٨٨٩ هەولێر، شەممە ٥ی ئاداری ١٩٩٤.