حەمەڕەشید محەمەد عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەمە خورشە، لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی سەرشاتەی ناوچەی تاگۆزی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە. گوندنشین و جوتیار بووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕووی لە ئێران کردووە و لە جوانڕۆ نیشتەجێ بووە. هەروەها هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەر ئەحمەد کردووە و خاوەنی یەک کوڕ و یەک کچ بووە بە ناوەکانی نەسر و شەونم.
لە ساڵی ١٩٦٩ بووەتە پێشمەرگە لە لقی پێنجی فەوجی حەوتی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەروەها بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە شەڕی زۆزک، شەڕی سەرتێز، شەڕی باوە، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی دەربەندیخان، شەڕی خانەقین و شەڕی بانی بۆلان.
دوای ئەوەی وەک پەنابەر ڕووی لە ئێران کرد، لە ساڵی ١٩٧٦ بووەتە پێشمەرگە لە فەوجی تاگۆزی، کە فەرماندەکەی قادر حەمەسەعید تاگۆزی بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٧٧ لە شەڕی بانی بۆلان لە ناوچەی باوەی پارێزگای هەڵەبجە دژی سوپای عراق بە سەختی بریندار بووە. پاشان لە ساڵی ١٩٧٩ لە ناوچەی تاگۆزی لە گوندی کانی ژنان تووشی هێزێکی زۆری سەربازان و "جاش"ەکانی ڕژێمی عراق بوون. بەداخەوە حەمەڕەشید محەمەد (ناسراو بە حەمە خورشە) و هاوڕێیەکی دیکەی پێشمەرگە بە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەد لە کاتی پێکدادانەکاندا دەستگیرکران و ڕەوانەی زیندانی موسڵ کران. دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر زیندانیکردنیان لە سێدارە دران و شەهید بوون. ئەو یەکێکە لەو شەهیدانەی گۆڕەکەی نادیارە.








