حەلیمە عەبدوڵڵا ئەحمەد، بە دایکە حەلیمە ناسراوە، لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی پشتاگیری سەر بە دەڤەری زاوێتەی پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، هاوسەرەکەی فەرماندە عەبدولهادی محەمەد سادۆ، سەرلقی تاپۆری ٤ی محەمەد حەسەن باجیلۆری بوو، لە ساڵی ١٩٧٥ عەبدولهادی لە چیاکانی پشتی دهۆک شەهید بوو، دایکە حەلیمە لەگەڵ شەش کوڕ و چوار کچی خۆی لە گوندەکەی مایەوە و یەکێکە لەو ژنە فیداکار و قارەمانانەی کە هاوسەر و ٤ کوڕی لە ڕێگەی ئازادیی کوردستاندا شەهید بوون. لە ٢٩ی نیسانی ١٩٩٧ کۆچی دوایی کرد.

دوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران، زۆرێک لە پێشمه‌رگه چوونە باشووری کوردستان، ماڵی دایکە حەلیمە بووە پەناگەی هێزەکانی پێشمه‌رگه. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی ئەیوب بوو بە پێشمه‌رگه و لە ١٠ی شوباتی ١٩٨٢ لە گوندی گەڤەرکێ شەهید بوو. دوای ئەو کوڕێکی دیکەی بە ناوی ئیسماعیل بوو بە پێشمه‌رگه و لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٨٤ لە چیای کەمەکا لە نزیک گوندی بابۆخکێ شەهید بوو و تەرمەکەی کەوتە دەست سوپای عێراق. سێیەم کوڕی دایکە حەلیمە بە ناوی سەلاح دوای شەهیدبوونی براکانی بوو بە پێشمه‌رگه و لە ٢٠ی تەممووزی ١٩٨٦ لە ئاکرێ شەهید بوو. دوای شەهیدبوونی براکانی، کوڕی چوارەمی حەلیمە بە ناوی محەمەد کە بە حەمۆ ناسراوە، تێکەڵی هێزەکانی پێشمه‌رگه دەبێت و لە ١٩ی نیسانی ١٩٨٧ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان دهۆک و ئامێدی شەهید دەبێت.

ماڵی دایکە حەلیمە هەمیشە وەک بارەگای هێزەکانی پێشمه‌رگه لە ناوچەکەدا سەیر کراوە و لەلایەن خەڵکەوە بە ڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێ کراوە. لە ساڵی ١٩٨٥ ڕوو دەکاتە ناوچە ڕزگارکراوەکان و لە گوندەکانی بادێ و بۆتیای زاوێتە و خازیئاوا نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفال و کیمیابارانی ڕژێمی عێراق لە ناوچەکە، ئەو و منداڵەکانی هەوڵیان دا بچنە باکووری کوردستان، بەڵام لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگری لێ کرا و ناچار بوو بگەڕێتەوە و ماوەیەک لە دارستانێک خۆی حەشار دا، دواتر لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کران و ١٤ ڕۆژ لە زینداندا مان و بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەوە ئازاد کران.

لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، لە ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٩٦ بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بە مەدالیای بارزانی خەڵات کرا.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.