حەسۆ مەحمود بابەکر ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی کانیلنجی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە لۆرستان و زیوە نیشتەجێ بووە، دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، جگە لە زمانی دایک، بە تەواوی شارەزای زمانی فارسییە.

ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ کردووە و لە باڵی ئەحمەد مستە خزمەتی کردووە، چەند پلەیەکی لە هێزی پێشمه‌رگه‌ وەرگرتووە، لەوانە جێگری فەرماندەی باڵ لە ساڵی ١٩٦١، فەرماندەی کەرتی و جێگری فەرماندەی باڵی ناوەند لە کەرتەکەی دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر لە ساڵی ١٩٧٠، و جێگری فەرماندەی هێزی بارزان لە ساڵی ١٩٧٩، لە ساڵی ١٩٨٨ بووەتە بەرپرسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕێکخراوی شیرین، و لە ساڵی ١٩٩١ بووەتە بەرپرسی ڕێکخراوی شیرین.

ساڵی ١٩٧٤ بەشداری لە خولی ڕاهێنانی دۆشکەی ٣٠ ملم کردووە، بەشداری لە چەندین شەڕی بەرگری لە کوردستان کردووە. سێ جار بریندار بووە، ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی چامێ لە نزیک ناحیەی شێروان مەزن، و ساڵی ١٩٧٤ لە شەڕی مامروت لە قەزای چۆمان، و ساڵی ١٩٩٥ لە شەڕی ڕواندز.

وەک نوێنەر بەشداری لە چوار کۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، لە کۆنگره‌ی نۆیه‌م ساڵی ١٩٧٩، و لە کۆنگرەی داهەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ١٩٨٩، و لە کۆنگرەی دوازدەیەم ساڵی ١٩٩٩، و لە کۆنگرەی سێزدەیەم لە شاری هەولێر ساڵی ٢٠١٣، سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمرى لە کۆنگرەی سێزدەیەم پێ بەخشی.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان