جەمال ئەسکەندەر مەحموود ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی بانی بۆنوک لە بناری چیای سوورێن لە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە، قۆناغی ناوەندی تەواو کردووە، لە یەکی شوباتی ساڵی ١٩٧٦ سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لە ژن و منداڵ لەسەر سنووری نێوان ئێران و عێراق دەستگیرکران بەهۆی پەیوەندیکردنی خۆی و باوکی و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بە ڕیزەکانی پێشمهرگه و شۆڕشی ئەیلوول و بەردەوامبوونی خەبات تەنانەت دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، هەموویان گواسترانەوە بۆ زیندانی ناسریە و تا ڕۆژی ٣ی ئابی ١٩٧٨ لەوێ مانەوە.
ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمهرگهوە کرد لەناو مفرازەی باوکی کە سەر بە فەوجی مامی شەهید ئەبوبەکر بانی بۆنوک بوو لەناو هێزی سوورێن کە سەر بە کۆمیتەی ناوچەی دەربەندیخان لە لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەو کاتەدا مەلا عومەر بانی بۆنوک فەرماندەی هێزەکە بوو.
بەشداری لە چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور و بناری چیای سوورێن کرد، لە شەڕی شارباژێڕ، شەڕی گردی شەریف لە شارەزوور، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی نالپارێز، شەڕی گوندی قاینیجە، ساڵی ١٩٨١ لە شەڕی شارباژێڕ بەهۆی گوللەی ڕژێمی عێراقەوە بە سەختی بریندار بوو.
لە ٣ی ئابی ١٩٨٢ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوسەنگەرانی پێشمهرگهى بەرەو قەزای سەید سادق چوون بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەناو شەڕی پارتیزانیدا، دوای گەڕانەوەیان لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی شانەدەر کەوتنە کمینی جاش و سەربازانی ڕژێمی بەعس، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان هەردوولادا جەمال ئەسکەندەر مەحموود بە گوللەی دوژمن بریندار بوو و دەستبەجێ شەهید بووە، هەروەها هاوسەنگەرەکەی پێشمهرگه ئەحمەد سانە بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


