شەهید جەعفەر ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی سۆفی ئیبراهیمی سەر بە ناوچەی کۆشتەپەی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، گوندنشین بوو و بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکی بوو، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندوویەتی.
شەهید جەعفەر ئیبراهیم کادری ڕێکخراوە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بوو لە شۆڕشی گوڵاندا، لە ساڵی ١٩٨٥ کادری بەشی دارایی و ژمێریاریی تیپی شەهید کەروان مێنتیک لە لیقەی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، سنووری کار و چالاکییەکانی لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر بوو و ئەرکی گەیاندنی پەیامی شۆڕش و کۆکردنەوەی داهات و پێداویستییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، هەروەها لە ناوچەی پردێ لە تەنیشت هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری دوو چالاکیی پارتیزانی کردووە.
لە ساڵی ١٩٨٧ دوای گەیاندنی پێداویستییەکان بە هاوڕێکانی و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و وەرگرتنی ڕێنماییەکانی شۆڕش، لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری گوندی کانی بزڕەی ناوچەی کۆشتەپە، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی حکومەتی عێراق بۆ سەر ناوچەکە، جەعفەر ئیبراهیم شەهید بوو.
سەرچاوە:- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


