تەمەر ئەحمەد شەباز، لە ساڵی 1931 لە گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفانی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. خێزاندار و خاوەنی دوو کوڕ و پێنج کچ بووە. لە ساڵی 1975 پاش شکستیهێنانی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بەشداری ڕاپەڕینی دژی سوپای عێراق کردووە و پاشان لە زێدی باب و باپیرانی نیشتەجێ بووە.

 

لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە. لە ساڵی 1963 پاش ئەوەی ڕژێمی عێراق هێرش دەکاتە سەر گوندی سرێشمەی ناحیەی خەلیفان و گوندەکە دەسووتێنێت، لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش دەڕۆن و لە دەڤەری باڵەک نیشتەجێ دەبن. تەمەر ئەحمەد شەباز هەمان ساڵ بەشداری شەڕەکانی دەڤەری قەڵادزێ و سەنگەسەر دەکات. کاتێک سوپای عێراق پلانی هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش دادەڕێژێت لە قۆڵی مێرگەسۆر و سەری عەقرە و چیای پیرس بە مەبەستی داگیرکردنی گوندی بارزان و دەڤەرەکە، مەلا مستەفا بارزانی نامەیەک بۆ ئەحمەد شەباز دەنێرێت بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر سوپای عێراق تاوەکو گرانی شەڕ لەسەر دەڤەری بارزان کەم بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە تەمەر ئەحمەد شەباز پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە لای باوکی و بە هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی سرێشمە لە حەساری گوندی ڕوستێی دەڤەری باڵەکایەتی هێرشێکی بەرفراوان دەکەنە سەر سوپای عێراق و زیانێکی زۆر بەوان دەگەیەنن.

 

لە ساڵی 1967 بنەماڵەی ئەحمەد شەباز دووبارە بەهۆی سووتاندنی گوندەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاوارەی دەشتی بەرزاگری سەر سنووری دەشتی هێرتی ناحیەی سیدەکان دەبن و تاوەکو 11ی ئاداری 1970 لەوێ دەمێننەوە. پاش ڕێککەوتنی 11ی ئادار لەسەر فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێنەوە گوندی سرێشمە.

 

لە ساڵی 1981 لەسەر ڕاسپاردەی ئیدریس بارزانی گەڕاوەتەوە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری شۆڕشی گوڵان کردووە. پاشان بە فەرمانی فڕەنسۆ هەریری وەک مەفرەزە گەڕاوەتەوە خواکوڕک. لە ساڵی 1987 بەشداری شەڕی گەلیی ڕەش لە دەڤەری سیدەکان و ساڵی 1988 بەشداری شەڕی نازدار دۆڵ کە بەشێک بوو لە شەڕەکانی داستانى خواکوڕک کردووە و بریندار بووە. تەمەر ئەحمەد شەباز چەندین جار بریندار بووە و هەموو ماسولکەکانی لەشی بەهۆی سووتانێکی زۆرەوە لە شەڕی نازدار دۆڵ تووشی کێشە بووە. هەروەها ساڵی 1987 لە گەلیی ڕەش بەهۆی ناپاڵمی قەدەغەکراوی ڕژێمەوە بە دژواری بریندار دەبێت و چاوێکی لە بینین دەکەوێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2013 بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەنێردرێتە وڵاتی نەمسا.

 

لە ساڵی 1991 و لە کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، لە ڕێگەی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بەشداری ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری ئامێدی کردووە. پاشان بووەتە ئەندامی فەرماندەیی هەڵگورد. لە ساڵی 1994 لە لیوای تایبەتی سەری بڵند بووە و پاشان ئەرکی فەرماندەیی پێشمەرگەی گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفانی وەرگرتووە کە نزیکەی 100 پێشمەرگە دەبوون.

 

لە ساڵی 1996 لە 50 ساڵەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی وەرگرتووە.

 

لە 29ی تەمموزی 2015 بەهۆی کاریگەری برینەکانییەوە کۆچی دوایی کردووە و لەسەر داوای خۆی و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی و جەماوەرێکی زۆری ناوچەکە، لە گوندی سرێشمەی زێدی باب و باپیرانی بە خاک سپێردراوە.


 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.